سەرۆک بایدن بڕی 350 ملیۆن دۆلار پشتیوانی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا پەسەند دەکات

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن فەرمانی بە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد بڕی 350 ملیۆن دۆلاری دیکە لە چەکی ئەمەریکی ڕەوانەی ئۆکرانیا بکەن.

لە یاداشت نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن، سەرۆک بایدن فەرمانی کردووە بەپێی بەندی پشتیوانیەکان بۆ بیانییەکان، 350 ملیۆن دۆلار بۆ بەرگری ئۆکرانیا دابین بکرێت.

ئۆکرانیا داوای موشەکی جاڤێلینی دژە تانک و موشەکی ستینگەری دژە فڕۆکەی کردووە.

ڕۆژی شەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەمە سێیەمین جارە ڕەوانەکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا پەسەند بکرێت، بەڵام ئەم جارەیان " بێپێشینەیە."

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی چەکەکان دژە زریپۆش و چەکی بچووک و زریپۆش و تەقەمەنی جیاواز لەخۆدەگرێت، ئەوەش وەکو پشتیوانییەک لە بەرگرییەکانی ئۆکرانیا لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ. لەگەڵ ئەوەشدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی چەکەکان موشەکی دژە فڕۆکەشیان تێدایە.

لە پایزی ساڵی 2021 دا ئەمەریکا چەکی لە کۆگاکانی ئەمەریکا دەرهێنا و ڕەوانەی ئۆکرانیای کردن، دواتریش لە مانگی دوانزەدا بە هەمان شێوە چەکی ڕەوانەی ئۆکرانیا کرد. بلینکن وتی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئەمەریکا بڕی 1 ملیار دۆلاری لە ئاسایشی ئۆکرانیادا خەرج کردووە.

لەکاتێکدا هێزەکانی ئۆکرانیا دژی داگیرکارییەکەی هێزەکانی ڕووسیا شەڕ دەکەن و بەرگری لە وڵاتەکەیان دەکەن، وڵاتانی دیکەش بە هەمان شێوە بەڵێنیانداوە چەک بدەن بە ئۆکرانیا. ڕۆژی شەممە دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن ڕۆژێک لەوەوبەر هێرشەکەی وەستاند، دووبارە پێشڕەوییەکانی هێزەکانی ڕووسیا بەرەو کیێڤی پایتەخت دەستیان پێکردەوە.

حکومەتی هۆڵەندا لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمان ڕایگەیاند بەزووترین کات وڵاتەکەی 200 موشەکی بەرگری ئاسمانی ستینگەر دەدات بە ئۆکرانیا.

بەلجیکاش بەڵێنیداوە 2,000 چەکی قورس و 3,800 تەن بەنزین بداتە ئۆکرانیا.

لەلایەکی دیکەشەوە ئەڵمانیا کە پێشتر ڕەتی دەکردەوە چەک ڕەوانەی ئەو ناوچانە بکات کە شەڕییان تێدایە، بڕیاریدا 400 ئاڕ پی جی لە هۆڵەنداوە ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات.

ڕۆژی شەممە وتەبێژی سوپای فەڕەنسا وتی وڵاتەکەی بڕیاریداوە کەلوپەلی بەرگری سەربازیی ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات، ئەوەش لەپێناو یارمەتیدانی ئەو وڵاتەدا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا. وتیشی بابەتی ڕەوانەکردنی چەکی هێرشبەر هێشتا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز