بایدن دەڵێت بڕیاریداوە لەسەر ئەوەی چۆن وەڵامی هێرشەکەی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن بداتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت بڕیاریداوە لەسەر ئەوەی چۆن وەڵامی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی سەر هێزەکانی ئەمەریکا بداتەوە لە بنکەیەکی سەربازیی لە ئوردن، کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازیی ئەمەریکایی.

بایدن لە لێدوانێکەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی باسی لە وردەکارییەکانی بڕیارەکەی نەکرد، بڕیارەکەی دوای گفتوگۆکانی هاتووە لەگەڵ ڕاوێژکارە باڵاکانیدا لە کۆشکی سپی.

سەرۆک بایدن وتی ئەمەریکا جەنگێکی بەرفراوانتری ناوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ماوەی ڕابردوودا بایدن بیری لە بژاردەکانی کردووەتەوە لەسەر چۆنێتی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە کوشندەیە، بەڵام کاتی وەڵامدانەوەکە هێشتا دیار نیە.

بایدن وتی " پێم وانیە پێویستمان بە جەنگێک بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. من بە دوای ئەوەدا ناگەڕێم."

کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا بڕیاریداوە چۆن وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە، بایدن وتی " بەڵێ."

کاتێکیش پرسیاری لێکرا لەسەر ئەوەی ئایا پێی وایە ئێران بەرپرس بووە لەو هێرشە، بایدن وتی " بە بەرپرسییان دادەنێم لەو ڕووەوە کە چەک دەدەن " بەو کەسانەی کە هێرشەکان ئەنجام دەدەن.

ڕۆژی یەکشەممە بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن لە نزیک سنووری سوریاوە سێ سەربازیی ئەمەریکایی کوژراون و 34 سەربازی دیکە بریندار بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز