سەرەڕای قەیرانەکان، بایدن داکۆکی لە تۆماری سیاسەتی دەرەوەی دەکات

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی دووشەممە هەوڵیدا تۆماری سیاسەتی دەرەوەی خۆی بریقەدار بکات و وتی نەیارانی ئەمەریکا ئێستا لاوازترن لە چوار ساڵ لەمەوبەر پێش ئەوەی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا دەستبەکاربێت، ئەمەش سەرەڕای قەیرانەکانی جیهان کە هێشتا چارەسەر نەکراون.

هەفتەیەک پێش ئەوەی سەرۆکایەتییەکەی ڕادەستی سەرۆکی هەڵبژێردراو دانۆڵد ترامپ بکات، بایدن وتارێکی پێشکەشی دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا کرد لە وەزارەتی دەرەوە و باسی لە پشتیوانییەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی کرد بۆ ئۆکرانیا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا و هەروەها پشتیوانییەکانی بۆ جەنگەکانی ئیسڕائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بایدن وتی ئەمەریکا " لە کێبڕکێکەی سەرانسەری جیهاندا براوەیە " و چینیش لە ڕووی ئابوورییەوە ئەمەریکای تێنەپەڕاندووە وەکو ئەوەی کە پێشبینی دەکرا، هاوکات ڕووسیا و ئێران بەهۆی جەنگەکانەوە لاواز بوون تەنانەت بەبێ بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەمەریکاش.

بایدن وتی " بە بەراورد لەگەڵ چوار ساڵ لەمەوبەر، ئەمەریکا بەهێزترە، هاوپەیمانێتییەکانمان بەهێزترن، دوژمنەکانمان و ڕکابەرەکانمان لاوازترن، ئێمە نەچووینەتە جەنگەوە بۆ ئەوەی وا بکەین ئەمانە ڕووبدەن."

لە کاتێکدا کە جەنگەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا بەردەوامن، بەرپرسان بە هیوای ئەوەوەن کە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا واژۆ بکرێت پێش ئەوەی بایدن لە 20 ی مانگی یەکدا کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت.

بایدن وتی دانوستکاران نزیک بوونەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە تێیدا بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن و شەڕەکە لە غەززەدا ڕادەگیرێت و یارمەتی مرۆیی زیاتر دەگەیەندرێتە غەززە.

بایدن وتی " خەڵکانێکی زۆری بێتاوان کوژراون، زۆرێک لە کۆمەڵگەکان لە ناوچوون. گەلی فەلەستینی شایستەی ئاشتییە، شایستەی مافێکە بۆ دیاریکردنی داهاتووی خۆیان. ئیسڕائیل شایستەی ئاشتی و ئاسایشێکی ڕاستەقینەیە. بارمتەکان و خێزانەکانییان شایستەی ئەوەن بە یەکتر شاد ببنەوە. ئێمەش بەپەلە کاردەکەین بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە."

لە شەڕەکەی غەززەدا کە بە هێرشی چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد، بایدن ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە لەسەر دابینکردنی چەک و پشتیوانی دیبلۆماتی بۆ ئیسڕائیل.

لە هێرشەکەی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل 1200 کەس کوژران و زیاتر لە 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە و بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن زیاتر لە 46,000 کەس کوژراون.

هێرشەکە بووە هۆی ئاوارەبوونی سەرانسەری 2.3 ملیۆن دانیشتووەکەی غەززە.

بایدن یارمەتی ئیسڕائیلیدا لە شکستهێنان بە دوژمنەکانی وەکو حەماس لە غەززە و حزبوڵا لە لوبنان، کە هەردووکییان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت. بایدن ستایشی پشتیوانییەکانی ئەمەریکای کرد بۆ ئیسڕائیل لە ماوەی دوو هێرشەکەی ئێراندا لە ساڵی 2024 دا بۆ سەر ئیسڕائیل.

وتی " ئێران ئێستا لاوازترە لە دەیان ساڵی ڕابردوو." ئاماژەی بە ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەددا لە سوریا و وتی " هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە کارەکانی ئێمە یارمەتیدەر بوون لەوەدا."

بایدن دانیشی بەوەدانا کە وڵاتانی وەکو چین و ئێران و کۆریای باکوور و ڕووسیا ئێستا نزیکترن لە یەکترەوە، بەڵام وتی ئەوە زیاتر بەهۆی " لاوازییانەوەیە وەک لەوەی بەهۆی بەهێزییانەوە بێت."

بایدن وتی " کاتێک پوتن داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، بیری لەوە دەکردەوە کە دەتوانێت لە چەند ڕۆژێکدا کیێڤ داگیر بکات. ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە تەنها من لە ناوەڕاستی کیێڤدا وەستاوم نەک ئەو."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا وتی لێدوانەکانی بایدن گەیشتوونەتە ئاستی داننان بەوەدا کە " پشتیوانی ئەمەریکا بۆ کیێڤ مەترسی هەڵگیرسانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەتۆمی لەگەڵ ڕووسیادا لێکەوتووەتەوە."

وتی " بەیاننامەکەی ئەمڕۆی بایدن داننانە بە وروژاندنی بە مەبەستدا. بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن دەیزانی کە جیهان بەرەو لێوارەکە دەبات و هێشتا دەیەوێت ململانێکە پەرەپێبدات."

بایدن داکۆکی لە بڕیارەکەی کرد بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و وتی چین و ڕووسیا حەزییان دەکرد ببینن ئەمەریکا دە ساڵی دیکە لەوێ خۆی ببەستێتەوە و بمێنێتەوە.

بایدن وتی کاتێک بووە بە سەرۆک، شارەزایان پێشبینی ئەوەیان کردووە کە بە دڵنیاییەوە چین لە ڕووی ئابوورییەوە پێش ئەمەریکا دەکەوێت. وتی ئەوە هەرگیز ڕووینەدا. وتی ئابووری ئەمەریکا بەرەوپێشەوە دەڕوات، بەڵام هێشتا کار هەیە کە دەبێت بکرێن.

بایدن وتی " ئێستا ئاستەنگی مەترسیدار هەن کە ئەمەریکا دەبێت بەردەوام بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا." لەوانە ئۆکرانیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک. وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن " دەستێکی زۆر بەهێزی یاریکردن دەدات " بە بەڕێوبەرایەتییەکەی دواتر.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز