جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە سەردانێـک لە ئیماراتی عەرەبە و لەوێ لەگەڵ کاربەدەسـتانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە بە مەبەستی وتووێژکردن لەبارەی کێشە و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
جۆ بایدن ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە ئیمارات و ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ محەمەد بن زاید ئال نهیـیان وەلی عەهدی ئەبو زەبی و جێگری فەرماندەی باڵای لەشکری ئیمارات کۆبۆوە.
بڕیارە ڕۆژی سێشەممەش لەگەڵ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتوم جێگری سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆک وەزیر لە دوبەی کۆبـبێتەوە.
هەروەها سەردانی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لەو وڵاتە دەکات کە بەشداری لە شەڕی دژی داعش دەکەن.
پاش ئیمارات بڕیارە هەر لەم هەفتەیە سەردانی ئوردن و ئیسرائیل و کەناری ڕۆژئاوای فەلەستینیـیەکان بکات.
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە پەراوێزی سەردانەکەی باسی لە قەیرانی سوریا بۆ میدیاکانی کرد، لەوانە بۆ ڕۆژنامەی The National ی ئیماراتی. بایدن گوتویەتی چارەسەری سیاسی تاکە ڕێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوریا، بەڵام ئەوەش کارێـکی قورسە.
پاشان گوتی لە ئێسـتادا کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ڕژێمی ئەسەد و ئۆپـۆزسیۆن بۆ سەر مێزەکانی دانوسـتاندن.
باسی لەوەش کرد ئەم شەڕە ناوخۆیە کەوا پـێنج ساڵە درێژەی کێشاوە بە ڕێگەی لەشکری چارەسەر ناکرێت. گوتی دەبێت ئەمە بۆ هەموو لایەک ڕوون بێت.