نەتەنیاهۆ مانگی داهاتوو سەردانی واشنتن دەکات و دیار نییە سەرۆک بایدن لەگەڵی کۆدەبێتەوە یان نا

کۆشکی سپی ڕۆژی یەکشەممە ڕەتی کردەوە ئاماژە بەوە بدات کە ئایا سەرۆک جۆو بایدن لە واشنتن لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا کۆدەبێتەوە یان نا، بڕیارە مانگی داهاتوو نەتانیاهو سەردانی واشنتن بکات و وتارێک پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمەریکا بکات.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی Face the Nation ی کەناڵی سی بی ئێسدا وتی " ئەمڕۆ هیچ شتێکم نیە ڕایبگەیەنم." وتیشی بایدن و نەتانیاهو بەردەوام لە پەیوەندیدان.

سۆلیڤان وتی " ئەو ( نەتانیاهو ) دێت وتارێک پێشکەشی کۆنگرێس بکات. سەرۆک هەمیشە قسەی لەگەڵدا دەکات."

بڕیارە نەتانیاهو لە 24 ی مانگی حەوتدا وتارێک پێشکەشی دانیشتنێکی هاوبەشی کۆنگرێس بکات. بایدن بە شێوەیەکی جێگیر پشتیوانی لە ئیسڕائیل کردووە لە جەنگەکەی ئەو وڵاتەدا دژی حەماس، بەڵام گرژی هەبووە لە نێوانیاندا سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەبردنی جەنگەکە لەلایەن ئیسڕائیلەوە.

بایدن کە هەوڵی دووبارە هەڵبژاردنەوەی دەدات لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مانگی یانزەی ئەمەریکادا، لەلایەن لایەنگرانی چەپییەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە لەسەر پشتیوانییەکانی بۆ ئیسڕائیل، لە کاتێکدا کە ژمارەی کوژراوانی فەلەستینییەکان بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە تا دێت زیاتر دەبێت.

سۆلیڤان وتی هیوادارە تاوەکو ئەو کاتەی نەتانیاهو دێت بۆ واشنتن ڕێککەوتنێکی ئاگربەست و بارمتەکان واژۆ کرابێت. وتی حەماس دەبێت بڵێت " بەڵێ " بۆ ئەو پێشنیارەی کە ئێستا لەسەر مێزەکەیە.

بایدن کە دواتر لە ڕۆژی یەکشەممەدا لە فەڕەنساوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەمەریکا، ستایشی ڕزگارکردنی چوار بارمتەی ئیسڕائیلی کرد لە غەززە لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە و بەڵێنیدا کار بکات تاوەکو سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن و ئاگربەستێک دەگەن بە ئاگربەستێک.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 36,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز