سەرۆک بایدن دەڵێت داوای گۆڕینی ڕژێم ناکات لە ڕووسیا

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕوونیکردەوە ئەمەریکا سیاسەتێکی نیە بۆ گۆڕینی ڕژێم لە ڕووسیادا، ئەوەش دوای ئەوەی ڕایگەیاند سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن " نابێت لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە."

ڕۆژی شەممە سەرۆک بایدن لە پۆڵەندا پوتنی بە " قەساب " ناودێر کرد، هەروەها وتیشی پوتن " نابێت لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە."

ڕۆژی یەکشەممە بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا ڕوونکردنەوەیان لەسەر لێدوانەکانی سەرۆک بایدندا و وتیان ئەمەریکا هیچ ستراتیژییەکی نیە بۆ گۆڕینی ڕژێم لە ڕووسیادا. هەروەها ڕۆژنامەنووسان لە واشنتن لە سەرۆک بایدنیان پرسی ئایا داوای گۆڕینی ڕژێم دەکات لە ڕووسیا، بایدن بە یەک وشە وەڵامیدایەوە و وتی " نەخێر."

باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ ناتۆ جولیان سمیث لە ماوەی ڕابردوودا وتی لێدوانەکەی بایدن دوای ئەوە بوو کە سەرۆک بایدن چاوی بە پەنابەرانی ئۆکرانی کەوتبوو لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا.

سمیث وتی " لەو ساتەدا پێم وایە ئەوە کاردانەوەیەکی مرۆیی بووە لەسەر ئەو چیرۆکانەی کە ئەو ڕۆژە گوێبیستی بووە. ئەمەریکا هیچ سیاسەتێکی نیە بۆ گۆڕینی ڕژێم لە ڕووسیادا."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئۆرشەلیم وتی سەرۆک بایدن باسی لەوە کردەوە کە نابێت پوتن ئەو دەسەڵاتەی هەبێت جەنگ دژی دراوسێکانی یاخود هەرکەسێکی دیکە هەڵبگیرسێنێت. وتیشی هەر بڕیارێک لەسەر داهاتووی ڕابەرایەتی ڕووسیا " پەیوەستە بە گەلی ڕووسیاوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز