سەرۆک بایدن بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ' با پێکەوە کار بکەین '

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ماوەی وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکی پێشکەش کرد کە ڕەنگە دوایین وتاری بێت لەسەر سەکۆ جیهانییەکە و داوای کارکردنی کرد پێکەوە.

بایدن لە کۆتایی وتارەکەیدا وتەیەکی نیڵسن ماندێلای وتەوە " مەحاڵە هەتاوەکو ئەو کاتەی ئەنجام دەدرێت." وتیشی " سەرکردەکانی هاوڕێم، هیچ شتێک نیە لەسەروو توانامانەوە ئەگەر پێکەوە کاربکەین. با پێکەوە کاربکەین."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ماوەی وتارەکەیدا باسی لە چەندین بابەتی جیاواز کرد، لەوانەش دەستبەرداربوونی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژیری دەستکرد و چاکسازییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و گۆڕانی کەش و هەوا و چەندین بابەتی دیکە.

بایدن سەبارەت بە دەستبەرداربوونی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا وتی " سەرکردەکانی هاوڕێم، با هەرگیز لە لەبیری نەکەین کە هەندێک شت هەن زۆر گرنگترن لە مانەوە لەسەر دەسەڵات، خەڵکەکەت گرنگترن."

بایدن سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینیەکان وتی " ئێستا کاتی ئەوەیە لایەنەکان لەسەر مەرجەکان ڕازی بن، بارمتەکان بگەڕێننەوە و دڵنیاببنەوە لە ئاسایش بۆ ئیسڕائیل و غەزززەش، بەبێ دەسەڵاتی حەماس."

لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە کەرتی غەززەدا، بایدن سەبارەت بەو هێرشە وتی " ئێمە کاریش دەکەین بۆ خستنەوەی ئاشتی و سەقامگیرییەکی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا." وتیشی جیهان دەبێت " لە ترسناکییەکانی هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ڕانەچڵەکێت."

سەبارەت بە شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبنانیش وتی " جەنگێکی بەرفراوان لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نیە." سەبارەت بە جەنگەکەی ناو سودانیش سەرۆک بایدن وتی " جیهان دەبێت چیتر چەک نەدات بە جەنەڕاڵەکان. بە یەک دەنگ قسە بکەن و پێیان بڵێن چیتر وڵاتەکەتان وێران مەکەن. چیتر ڕێگە لە یارمەتییە مرۆییەکان مەگرن بۆ گەلی سودانی. هەر ئێستا کۆتایی بەم جەنگە بهێنن."

هەروەها سەبارەت بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاش وتی " ئێمە هەرگیز کۆڵ نادەین لە پشتیوانییەکانمان بۆ ئۆکرانیا."

وتی " جەنگەکەی پوتن شکستی هێنا. جیهان دەبێت بڕیار بدات کە ئایا بەردەوام بێت لە پشتیوانییەکانی بۆ ئۆکرانیا یاخود دووربکەوێتەوە لەو دوژمنکارییە."

سەبارەت بە گۆڕانی کەش و هەواش بایدن وتی " خەڵکەکە لە نەبوونی جەنگ زیاترییان دەوێت، دەرفەتێکییان دەوێت، دەرفەتێکیان دەوێت بە شکۆوە بژین. پێویستیان بەوەیە پارێزراو بن لە کارەساتەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و برسێتی و نەخۆشی."

سەبارەت بە چاکسازییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش وتی " ئێمە پشتگیری لە چاکسازی و فراوانکردنی ئەندامێتی دەکەین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا."

سەبارەت بە ژیری دەستکردیش وتی " ژیری دەستکرد شێوازی ژیانمان دەگۆڕێت، شێوازی کارکردنمان دەگۆڕێت و شێوازی جەنگەکانیشمان دەگۆڕێت."