بایدن چاوی بە پاشا چاڕڵس و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا دەکەوێت

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بە سەردانێکی کورت گەیشتە بەڕیتانیا و ستایشی دۆستایەتییە " پتەوەکەی " نێوان واشنتن و بەڕیتانیای نزیکترین هاوپەیمانی کرد، پێش ئەوەی لەگەڵ پاشا چاڕڵسدا کۆببێتەوە.

سەردانەکەی بایدن بۆ بەڕیتانیا یەکەم وێستگەی دەبێت لە گەشتەکەیدا بۆ ئەوروپا، بایدن دواتر دەچێت بۆ ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا و لەوێ ئامادەی لوتکەکەی ناتۆ دەبێت.

کۆبوونەوەکەی سەرۆک بایدن لەگەڵ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناکدا کەمتر لە کاتژمێرێکی خایاندووە و سەنگ خراوەتە سەر ئۆکرانیا، لە ماوەی چەند مانگێکی ڕابردوودا ئەمە پێنجەمین جارە دوو بایدن و سوناک کۆدەبنەوە.

بایدن لە باخچەکەی ئۆفیسی دۆنینگ ستریتی سوناکدا وتی " زۆر شتمان هەیە قسەی لەسەر بکەین. پەیوەندییەکەمان وەکو بەرد پتەوە."

بایدن و سوناک لە ماوەی کۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێی هەوڵەکانی ئۆکرانیایان کردووە بۆ پەیوەندیکردن بە هاوپەیمانێتی ناتۆوە. وتەبێژی سوناک بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەمانەوێت لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانماندا کاربکەین لەسەر ڕێگەیەک بۆ ئەوەی ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە ناتۆدا." وتیشی ناگونجێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە ناتۆدا لە کاتێکدا کە جەنگەکەی لەگەڵ ڕووسیادا بەردەوامە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز