کۆشکی سپی: بایدن لە " پێگەیەکی بەهێزدایە " لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی چیندا

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ناوچەی سان فرانسیسکۆ بەی لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگدا کۆببێتەوە. ڕێگریکردن لە دەستوەردانی چین لە هەڵبژاردنەکانی تایوان و دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوپای ئەمەریکا و سوپای چین بابەتی سەرەکی دەبن لە ئەجێنداکەی سەرۆک بایدندا بۆ کۆبوونەوەکە.

پاتسی ویداکوسوارای بەرپرسی ڕۆژنامەنووسانی دەنگی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی چاوپێککەوتنێکی لەگەڵ وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن کربیدا ئەنجامدا، کربی وتی بایدن بەنیازە پەیوەندییە ناجێگیرەکەی نێوان دوو وڵاتەکە " بخاتە سەر ئاستێکی بەرپرسانەتر "، بەڵام باوەڕی وایە کە پێگەیەکی بەهێزی دەبێت لە کۆبوونەوەکەدا، ئەوەش بەهۆی جێگیریی ئابووریی ئەمەریکاوە.

یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە ئەوە دەبێت سەرۆک بایدن هۆشداری بداتە چین دژی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی تایواندا، تایوان دەڵێت پێشتر ئەمە ڕوویداوە لە ڕێی فشارە سەربازییەکانی چین و بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست و یاریکردن بە ئامارەکانەوە، ئایا بایدن دەتوانێت شی ڕازی بکات لەسەر ئەم پرسە، کە ئاشکرا دیارە زۆر هەستیارە بۆ چینییەکانیش؟

جۆن کیربی لە وەڵامدا وتی سەرۆک بە پەرۆشەوەیە بۆ ئەم کۆبوونەوەیە لەگەڵ سەرۆک شیدا، کۆبوونەوەکە دوای چەندین مانگ لە ناجێگریی پەیوەندییەکانمان دێت. سەرۆک بایدن باوەڕی وایە لە کاتێکدا کە هەردووکییان سەرۆکایەتی دوو وڵات دەکەن کە پەیوەندییەکانی نێوانییان دەرەنجامی لەسەر هەموو جیهان دەبێت، دەبێت پەیوەندییەکان بخەینە سەر ئاستێکی بەرپرسانەتر، بەرپرسانەتر لەوەی کە تاوەکو ئێستا هەبووە.

وتیشی سەرۆک بایدن پێی وایە لەم کۆبوونەوەیەدا لە پێگەیەکی بەهێزدایە. ئابووری ئەمەریکا لە ئێستادا زیاد لە هەموو کات بەهێزترە. هەروەها هاوپەیمانێتی و هاوبەشییەکانمان لە سەرانسەری ناوچەی ئاسیا پاسێفیک و سەروو ئاسیاشدا زیندووکردووەتەوە. هەروەها بایدن بە پەرۆشەوەیە بۆ ئەوەی گوێبیستی بۆچوونەکانی شی بێت، بە تایبەتی لەسەر ئەوەی چۆن پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە بەرەو پێشەوە ببەن.

سەبارەت بە ئەگەری دەستوەردانی چین لە هەڵبژاردنەکانی تایواندا، کیربی وتی " کاتێک بابەتەکە دەچێتە سەر دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەشدا، شتێکی ناباو نیە بۆ کارەکتەرە چینییەکان بە شێوەیەکی نابەرپرسانە مامەڵە بکەن. باوەڕمان وایە هێزی ڕاستەقینەی دیموکراسی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانەیە، بە شێوەیەک کە بەربەستی لەبەردەمدا نەبێت و لەلایەن دەستوەردانی دەرەکییەوە پەک نەخرێت.

بابەتێکی سەرەکی دیکە ئەوەیە کە سەرۆک بایدن دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوپای ئەمەریکا و چینی دەوێت. ئەمە شتێکە کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن نەیتوانیوە بە دەستی بهێنێت. سەرۆک دەتوانێت چی بکات بۆ ئەمە؟

کیربی وتی " دووبارە دەیڵێمەوە، پێش ڕووداوەکانی ئەو کۆبوونەوەیە ناکەوم کە بڕیارە لەگەڵ سەرۆک شیدا ئەنجامی بدات. تەنها بواری پەیوەندی کە هێشتا نەکراوەتەوە هێڵی سەربازیی بۆ سەربازیی بووە، ئەوەش گرنگە چونکە کاتێک سەیری هەندێک لەو بەرپەرچدانەوانە دەکەیت کە لە ناوچەی ئاسیا پاسێفیکدا ڕوویانداوە، دەتوانرێت مەترسیدار بێت و زۆر خێرا بێت. کاتێک بیر لەو بە هەڵە لێکدانەوانە دەکەیتەوە کە دەکرێت ڕووبدەن لەکاتێکدا چین جەخت دەکاتەوە لە بانگەشەکانی، زۆر بە شێوەیەکی توندوتیژ جەخت دەکاتەوە لەو بانگەشە دەریاییانەی کە لە یاسای دەریاییدا مۆڵەتییان پێنەدراوە، هەبوونی توانایەک بۆ ئەو دوو سوپایە بۆ پەیوەندیکردن لە ئاستە جیاوازەکاندا شتێکی تەندروستە بۆ کەمکردنەوە بە هەڵە لێکدانەوە و و لە یەکتر تێنەگەیشتن، ئەگەرەکانی دروستبوونی ململانێ کەمتر دەکاتەوە."