کەسێک لە ڕێگەی پەیامێکی ساختەی مۆبایل بە بەهای زیاتر لە 11 ملیۆن دۆلار بیتکۆینی لێدەدزرێت

ئەگەر بیتکۆینت لێدزرا بێت، ڕەنگە بتوانیت پارەکەت بهێنیتەوە. بە گوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی بزنس ئینسایدەر، دادوەرێکی فیدراڵی ئەمریکا داوایەکی پەسەندکرد بۆ گەڕاندنەوەی بڕی 600 هەزار دۆلار لە بیتکۆین لە واڵێتێکی هوئۆبی گڵۆباڵHuobi Global wallet کە کۆمپانیایەکە بۆ هەڵگرتنی پارەی دیجیتاڵی و خەڵکی وەک شوێنێک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دراو بەکاری‌دەهێنن.

لێکۆڵەران دەڵێن ئەو 600 هەزار دۆلارە بەشێکە لە بەهای ئەو بیتکۆینانەی لە واڵێتی بەکارهێنەرێکی کۆینبەیسCoinbase دزراوە. کۆینبەیسئەویش کۆمپانیایەکە بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی دراوی دیجیتاڵی.

بە گوێرەی داوایەکی یاسایی کە لە شاری لۆس ئانجلس تۆمارکراوە، مانگی چواری ڕابردوو، دوای ئەوەی بەکارهێنەرێکی کۆینبەیس 200 بیتکۆینی کڕی، پەیامێکی ئاگادارکردنەوە بۆ مۆبایلەکەی چووبوو کە گوایە حیسابەکەی قوفڵ بووە. هەرچەندە نامەکە وادەردەکەوت لە کۆینبەیسەوە بۆی هاتبێت، بەڵام وەها نەبوو و پەیامێکی ساختەبوو.

لە ماوەیەکی کورتدا، هاککەرەکە بە بەهای 11.6 ملیۆن دۆلار کە 206 بیتکۆین بوو لە واڵێتی ئەو بەکارهێنەرەی برد. ڕوون نییە هاککەرەکە چۆن ئاگاداری مامەڵەی ئەو کەسە بووە بۆ کڕینی 200 بیتکۆین. ماڵپەڕی بزنس ئینسایدەر دەڵێت کۆینبەیس ئامادە نەبوو لەم بارەیەوە لێدوان بدات.

هوئۆبی ئامادەی دەربڕیووە بۆ سڕکردنی حسابی ئەو کەسەی کە بیتکۆینە دزراوەکانی بۆ هاتووە هەتا دادگای ئەمەریکا پرسەکە یەکلایی دەکاتەوە.

هیچ کەس و دامەزروەیەک ناتوانێت کۆنترۆڵی دراوە دیجیتاڵییەکان بکات، کە ئاڵۆگۆڕکردن و دروستکردنیان لە ڕێگەی چەند هاوکێشەیەکی بیرکارییەوەیە و لەسەر سیستەمێکی نوێ بە ناوی بڵۆکچەین. ئەمەش نیگەرانی لای حکومەتەکان دروستکردووە کە دەکرێت لەلایەن خراپەکارەکانەوە بۆ مەبەستی نەشیاو و نایاسایی بەکاربهێنرێن.

لە نێو وڵاتەکاندا هەوڵدەدرێت هەتا بە یاسابڵۆکچەین ڕێک بخرێت، بەڵام تا ئێستا زۆر وڵاتی جیهان بە ئەمەریکاشەوە یاسایی بۆ ڕێکخستنیان دەرنەکردووە و بە یاسایی کۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.