هاوسۆزی ڕەشپێستە ئەمەریکاییەکان بۆ فەلەستینییەکان زیاد دەبێت

سیدنی واڵاس

پشتگیری ڕەشپێستەکان بۆ پرسی فەلەستینییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جووڵانەوەی مافە سڤیلەکان. گرژییەکانی ئەمدواییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پەیوەندییەکانی نێوان ڕەشپێستەکان و فەلەستینییەکانی قووڵتر کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپرسییەک کە لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی کاروباری گشتی دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسەوە ئەنجام دراوە، لە سەدا 44 ی ڕەشپێستەکان دەڵێن ئەمەریکا لە ڕادەبەدەر پشتگیری لە ئیسڕائیل دەکات، لە سەدا 30 ی سپی پێستەکان و هیسپانییەکان ئەو بۆچوونەیان هەیە.

سیدنی واڵاس، چالاکەوانێکی کۆمەڵگەی جووە ڕەشپێستەکان، هەرگیز هەستی بەوە نەکردووە ناچار بێت گەشت بکات بۆ ئیسڕائیل، هەرچەندە " ساڵی داهاتوو لە ئۆرشەلیم " خۆبەدوورگرتنێکی بەردەوام بوو لە پەرستگاکەی لە شیکاگۆ.

واڵاسی تەمەن 39 ساڵ وتی شتی زۆری هەیە لە وڵاتەکەی خۆی لە ئەمەریکا سەنگی بخاتە سەر، کە لەوێ بەردەوام وتار دەدات لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ هەستی دژە ڕەشپێست لە کۆمەڵگەی جووەکانی ئەمەریکا و لە ناوبردنی باڵادەستی سپی پێستەکان لە ئەمەریکا.

واڵاس دەڵێت " دەزانم لێرە بۆ چی شەڕ دەکەم."

بەڵام ئەوە هەمووی گۆڕا، کاتێک لەسەر بانگهێشتی چالاکەوانێکی فەلەستینی ئەمەریکایی سەردانی ئیسڕائیل و کەناری ڕۆژئاوای کرد، لەگەڵ نزیکەی 25 کەس لە ڕابەرانی ڕەشپێستە ئەمەریکایی و موسوڵمان و جووەکان و کریستییانەکاندا.

گەشتەکەی کە لە 16 ی مانگی 9 دا دەستیپێکرد، تێگەیشتنی واڵاسی لەسەر کۆششی ئەو فەلەستینییانە زیاتر کرد کە لە کەناری ڕۆژئاوا دەژین. بەڵام گەشتەکەی بەهۆی هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی چەکدارانی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل کورتی خایاند.

واڵاس و ژمارەیەکی زۆر لە ڕەشپێستە ئەمەریکاییەکان پێیان وایە کۆششی فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و غەززە هاوشێوەی شەڕەکەی خۆیانە بۆ یەکسانی ڕەگەزی و مافەکانییان. زیادبوونی خۆپیشاندانەکان لەمدواییانەدا دژی دڕندەیی پۆلیس لە ئەمەریکا چالاکەوانە ڕەشپێست و فەلەستینییەکانی لە پرسێکی هاوبەشدا بە یەکەوە بەستووەتەوە.

بەڵام ئەو نزیکبوونەوەیەی فەلەستینییەکان و ڕەشپێستەکان هەندێک جار دەبێتە هۆی گرژبوونی هاوپەیمانییە زیاتر لە سەدەییەکەی نێوان چالاکەوانانی ڕەشپێست و جووەکان. هەندێک لە جووە ئەمەریکاییەکان نیگەرانن لەوەی کە پشتگیریکردن لە فەلەستینییەکان دەکرێت مەترسی هەستی دژە جوو زیاتر بکات و پەیوەندی نێوان جووەکان و ڕەشپێستەکان لاواز بکات، کە لە سەردەمی جووڵانەوەی مافە سیڤیلەکانەوە پتەوکراون.

بۆب کاپلان، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوەندی کۆمەڵگەی هاوبەشی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەی جووەکانی نیویۆرک، وتی " ئێمە وەکو کۆمەڵگەیەک نیگەرانین سەبارەت بەوەی هەست دەکەین تێنەگەیشتن هەیە لەوەی ئیسڕائیل چییە و 7 ی مانگی 10 ی کوشندە چەند بە قووڵی کاری تێکردین."

وتی " هەستی دژە جوو ڕاستییەکە بۆ کۆمەڵگەی جووەکانی ئەمەریکا، ڕەگەزپەرستی چەندێک ترس و ئازار بە کۆمەڵگەی ڕەشپێستەکان دەگەیەنێت، هەستی دژە جووش ئەوەندە ترس و ئازار بە کۆمەڵگەی جووەکان دەگەیەنێت."

وتی بەڵام زۆرێک لە جووەکانی ئەمەریکا لەوە تێدەگەن کە ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا دەتوانن هەست بە نزیکییەک بکەن لەگەڵ پرسی فەلەستینییەکاندا، بە شێوەیەک کە کارنەکاتە سەر بۆچوونییان لەسەر ئیسڕائیل.

لە ماوەی ئاگربەستێکی هەفتەییدا لە کۆتایی مانگی یانزەدا، چەکدارانی حەماس ژمارەیەک لە بارمتە ئیسڕائیلی و بیانییەکانییان ئازاد کرد، لە بەرامبەر ئەوەشدا ئیسڕائیل ژمارەیەک لە زیندانییە فەلەستینییەکانی لە زیندانەکانیدا ئازاد کرد.

هەندێک لە ڕەشپێستە ئەمەریکاییەکان کە بینەری ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان بوون و سیاسەتی زیندانی ئیسڕائیلییان بۆ دەرکەوت، کە تێیدا دەستبەسەرکراوەکان بەبێ دادگاییکردن زیندانی دەکرێن، پێیان وابوو لە یەکچوونێک هەیە لە نێوان ئەو سیستمەی ئیسڕائیل و نایەکسانی لە سیستمی زیندانی ئەمەریکادا.

ڕامی نەشاشیبی، ڕێکخەرێکی کۆمەڵگەی فەلەستینییەکانی ئەمەریکایە لە بەشی باشووری شیکاگۆ، واڵاس و ئەوانی دیکەی بانگهێشت کرد بۆ گەشتێک بە ناوی " ئۆرشەلیمی ڕەش "، گەشتێک بە ناوی شارە پیرۆزەکەدا لە چاوی ڕەشپێستەکانی ئەمەریکاوە.

نەشاشیبی وتی " ناسنامەی فەلەستینی من بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن مێژووی ڕەشپێستەکانی ئەمەریکاوە کاری تێکراوە."

وتی " هەمیشە ئومێدم بووە کە گەشتی هاوشێوەی ئەم گەشتە ڕێگەی دیکە بکاتەوە کە خاڵەکان پێکەوە ببەستێتەوە، نەک تەنها لە ڕووی سیاسیی و فیکرییەوە، بەڵکو لە نێوان ڕزگاریخوازیی و کۆششەکانیشدا بۆ مرۆڤایەتی کە زۆر ئاشنان بۆ ئێمە لە ئەمەریکا."

لە ماوەی گەشتەکەیدا واڵاس توشی سەرسوڕمان بوو بە نەزانینی خۆی لە ڕاستیی فەلەستینییەکان کە لە ژێر " داگیرکاریی " ئیسڕائیلدا دەژین. لە چاودێریکردنی چۆنێتی مامەڵەی فەلەستینییەکان لە خاڵە پشکنینەکانی ئیسڕائیلدا، لە یەکچوونێکی کرد لەگەڵ ئەوەدا کە جیاکاری لە ڕابردوودا لە ئەمەریکا چۆن بووە.

وتی " بوونم لەوێ وایلێکردم بیر لەوە بکەمەوە کە ژیان لە سەردەمی جیم کرۆودا لە ئەمەریکا بەم شێوەیە بووە."

لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا هاوسۆزی لە نێوان ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا و فەلەستینییەکاندا زیادیکردووە.

لە ساڵی 2020 دا کوژرانی جۆرج فلۆید لەلایەن ئەفسەرێکی پۆلیسی سپی پێستەوە لە ئەمەریکا لە کەناری ڕۆژئاوا دەنگی دایەوە، لەوێ فەلەستینییەکان ئەو ڕووداوەیان وەکو ئەزموونێکی خۆیان سەیر کرد لە کاتێکدا لە ژێر " دڕندەیی داگیرکاریدا " دەژین.

لە ساڵی 2016 دا کاتێک چالاکەوانانی " ژیانی ڕەشپێستەکان گرنگە " هاوپەیمانییەکییان پێکهێنا بە ناوی جووڵانەوەی ژیانی ڕەشپێستەکان، پشتیوانی خۆشییان بۆ فەلەستینییەکان دەرخست. ژمارەیەک گروپی جووەکان کە بە شێوەیەکی بەرچاو پشتگیرییان لە " جووڵانەوەی ژیانی ڕەشپێستەکان گرنگە " دەکرد، سەرکۆنەی چالاکەوانە ڕەشپێستەکانییان کرد لەسەر ئەوەی ئیسڕائیلییان بە وڵاتێکی " ڕەگەزپەرست " ناوبردبوو.

هیچ کام لە ئەندامانی گەشتەکەی " ئۆرشەلیمی ڕەش " پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد کە گەشتەکەیان بە هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل کۆتایی دێت، کە بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل نزیکەی 1200 کەس لەو وڵاتە کوژران و نزیکەی 240 کەسی دیکە بە بارمتە گیران. بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکانیش دەڵێن لەو کاتەوە زیاتر لە 18,700 فەلەستینی بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر غەززە کوژراون. ئێستا توندوتیژییەکان لە کەناری ڕۆژئاواش زیادییان کردووە.

ئێستا لە شیکاگۆ، واڵاس بە وریاییەوە قسە لەسەر پشتیوانییەکانی خۆی دەکات بۆ فەلەستینییەکان و لە هەمان کاتیشدا ناسنامەی جووی خۆی پاراستووە و دژی هەستی دژە جوو وەستاوەتەوە.

واڵاس دەڵێت " هەوڵدەدەم هیچ کارێک نەکەم دڵی کەس بڕەنجێنم، بەڵام ناتوانم تەنها لەبەرئەوەی دەترسم کارە ڕاستەکە نەکەم."