بلینکن داوای ڕێککەوتنێکی ئاگربەست دەکات لە غەززەدا

ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن داوای دوایین هەوڵی کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست پێش ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تەواو ببێت، ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسێکی حەماس بە ڕۆیتەرزی وت لیستێکی ئیسڕائیلییان پەسەند کردووە کە پێکهاتووە لە 34 بارمتە بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنییان لە حاڵەتی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەستدا.

بلینکن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆریای باشوور وتی " ئێمە دەمانەوێت ئەمە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا تەواو بکەین، ئەوەندە کاتمان ماوە."

ئیسڕائیل تیمێکی ئاست بەرزی لە بەرپرسەکانی ناردووە بۆ قەتەڕ بە مەبەستی گفتوگۆکردن کە لەلایەن قەتەڕ و میسڕەوە سەرپەرشتی دەکریت. هەندێک لە میدیا عەرەبییەکان وتییان دەیڤد بارنیای بەرپرسی موساد کە سەرکردایەتی گفتوگۆکانی کردووە پێشبینی دەکرێت بەشدار بیت.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، نزیکەی 46,000 فەلەستینی لە هێرشەکانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر غەززە کوژراون. ئەوەش دوای ئەوەی حەماس لە مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل و 1200 کەسی کوشت و زیاتر لە 250 کەسی دیکەی بە بارمتە گرت.

باوەڕوایە زیاتر لە 100 بارمتە هێشتا لە غەززە مابێتنەوە، حەماسیش دەڵێت بەبێ ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە و کشانەوەی ئیسڕائیل لە غەززەدا ئازادییان ناکات. ئیسڕائیل دەڵێت هێرشەکەی ڕاناگرێت هەتاوەکو توانا سەربازییەکان و فەرمانڕەواییەکانی حەماس لە لە ناودەبات و سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن.

بەرپرسێکی حەماس بە ڕۆیتەرزی وت حەماس لیستێکی ئیسڕائیلی پەسەند کردووە کە پێکهاتووە لە 34 بارمتە کە لەلایەن ئیسڕائیلەوە خراوەتەڕوو بۆ ئاڵوگۆڕ پێکردنییان لە ئەگەری ڕێککەوتنێکی ئاگربەستدا. وتیشی دەکرێت ئەو کەسانە لە قۆناغی سەرەتایی ئاگربەستێکدا ئازاد بکرێن. ئەو لیستەی کە خراوەتەڕوو سەربازی ژن و بەساڵاچووان و ژن و هاووڵاتیانی سڤیلی گەنجیشییان تێدایە.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی ئەو لیستە لەلایەن ئیسڕائیلەوە لە مانگی حەوتدا دراوە بە نێوەندگرەکانی قەتەڕ، ئیسڕائیلیش تاوەکو ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک یاخود لێدوانێکی لە حەماسەوە پێنەگەیشتووە لەسەر ئەوەی ئەو بارمتانەی کە لە لیستەکەدان لە ژیاندا ماون یان نا.

وتی " ئیسڕائیل ماندوونەناسانە بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکانمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز