بلینکن بە سەردانەکەی بۆ تورکیا کۆتایی بە گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە تورکیا کۆتایی بە گەشتەکەی هێنا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش دوای ئەوەی تەنها سەرکەوتنێکی سنوورداری بە دەستهێنا لە هەوڵەکانیدا بۆ دەستکەوتنی کۆدەنگییەک لە ناوچەکەدا لەسەر باشترین شێواز بۆ کەمکردنەوەی ئازاری هاووڵاتیانی سڤیل لە غەززە، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل جەنگەکەی دژی حەماس چڕتر کردووەتەوە.

دوای ئەوەی سەردانی هەریەک لە ئیسڕائیل و ئوردن و کەناری ڕۆژئاوا و قوبرس و عێراقی کرد، بلینکن لە ئانکەرەی پایتەختی تورکیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیداندا کۆبووەوە. مەبەست لە سەردانەکەی بۆ ناوچەکە دەستکەوتنی پشتگیری بوو بۆ پێشنیارەکەی ئەمەریکا بۆ " وەستانی کاتی " لە شەڕەکەی نێوان حەماس و ئیسڕائیلدا تاوەکو بتوانرێت یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەندرێنە غەززە و هەروەها ژینگەیەک دروست ببێت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.

بلینکن پێش ئەوەی تورکیا جێبهێڵێت وتی " هەموو ئەمانە کاری بەردەوامن. ئاشکرایە کە لەسەر هەموو بابەتەکان هاوڕانین، بەڵام بۆچوونی هاوبەش هەیە لەسەر هەندێک لەو بابەتانەی کە پێکەوە کارییان لەسەر دەکەین."

دەستپێکردنی هەوڵە دیبلۆماتییەکانی بلینکن دوای ئەوە هات هێزەکانی ئیسڕائیل گەمارۆی شاری غەززەیاندا و بەشی باکووری غەزەیان دابڕاند. پێشبینی دەکرێت هێزەکانی ئیسڕائیل ڕۆژی دووشەممە یاخود ڕۆژی سێشەممە بچنە شارەکەوە، ئەگەرێکی زۆریشی هەیە ڕووبەڕووی چەکدارانی حەماس ببنەوە کە لە ڕێی تونێلەکانییانەوە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەکەن. هەروەها پێدەچێت لەم مانگەدا قوربانییان لە هەردوولاوە زیاتر ببن.

بلینکن هیوادارە وەستاندنی کاتی جەنگەکە ڕێگە بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بدات بۆ ناو غەزە و ببێتە هۆی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە حەماس لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل گرتوویانن. بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە زیاتر لە 1400 کەس لە ئیسڕائیل کوژران، زۆربەیان هاووڵاتیانی سڤیل بوون، هەروەها هیوادارە ڕێگری بکات لە پەرەسەندنی جەنگەکە بە ناوچەکەدا.

بلینکن وتی " لەگەڵ ئیسڕائیلدا لە گفتوگۆداین لەسەر ئەو هەنگاوانەی کە دەکرێت بگیردرێنەبەر بۆ کەمکردنەوەی کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل. وەکو وتم، ماندوونەناسانە کاردەکەین بۆ بە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ ناو غەزە."

وتیشی " بە تەواوەتی سەنگمان خستووەتە سەر ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە گیراون، بە ئەمەریکاییەکانیشەوە و هەرچی بکرێت لە پێناو گەڕانەوەیاندا ئەنجامی دەدەین."

سەرچاوە/ AP