بلینکن: هیچ ئاماژەیەک سەبارەت بەوەی ڕووسیا نیازی هەبێت تاکتیکی جەنگی خۆی لە ئۆکرانیا بگۆڕێت، لە ئارادا نییە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت ڕووسیا هیچ ئاماژەیەکی پیشان نەداوە لەسەر ئەوەی ئاڕاستەکەی لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا بگۆڕێت، ئەم لێدوانەی بلینکن لە میانەی کۆڕبەندی وڵاتانی ئاسیاندا بوو لە جاکارتا، کە هەریەک لە دیپلۆماتکارانی چین و ڕووسیاش بەشدارییان تێدا کرد.

دوابەدوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکان، بلینکن بە ڕۆژنامەنووسانی وت هیچ ئاماژەیەک نیە لەسەر ئەوەی ڕووسیا ئارەزوو بکات بەشدار بێت لە دیپلۆماسییەکی سوودبەخشدا لەسەر جەنگەکە.

وتی " هیچ شتێکم لە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لاڤرۆڤەوە نەبیست کە پێشنیاری هەر گۆڕانکارییەک بکات لە ئاڕاستەکەیدا لەسەر ئەوەی کە ڕووسیا دەیکات لە ئۆکرانیادا." وتیشی ڕووسیا سەنگی خستۆتە سەر لۆمەکردنی ئەمەریکا لەسەر کێشەکانی جیهان.

بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ بە جیا وتی لاڤرۆڤ "بە توندی" داواکانی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ڕەت کردۆتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم هەفتەیەدا لاڤرۆڤ وتی جەنگەکە تەواو نابێت تاوەکو ئەو کاتەی ڕۆژئاوا "دەستبەرداری پلانەکانی دەبێت بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی " بە ئارەزووەکانیشییەوە بۆ شکستهێنان بە ڕووسیا لە ڕووی ستراتیژییەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا وتی لاڤرۆڤ هیچ پلانێکی نەبووە لەو ماوەیەدا کە لە جاکارتا بووە لەگەڵ بلینکندا قسە بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز