بلینکن داوا لە ئیسڕائیل دەکات گۆڕانکاری بکات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی سێشەممە وتی داوا لە ئیسڕائیل دەکات " گۆڕانکاری بنەڕەتی " بکات دوای ئەوەی سوپای ئیسڕائیل دانی بەوەدانا کە ڕەنگە تەقەی هێزەکانی بووبێتە هۆی کوژرانی چالاکەوانێکی ئەمەریکایی لە کەناری ڕۆژئاوای ژێر کۆنتڕۆڵی ئیسڕائیل.

بلینکن وتی ئەمەریکا لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ ئیسڕائیلدا باس لە بابەتی کوژرانی ئایسینور ئیزگی ئیگی دەکات.

بلینکن لە سەردانەکەیدا بۆ لەندەن بە ڕۆژنامەنووسانی وت لێکۆڵینەوەکە و لێدوانی شایەتحاڵان ڕوونییان کردەوە کە " کوژرانی ئەو بێ پاساو بووە."

وتی " نابێت هیچ کەسێک بەس لەبەرئەوەی ئامادەی خۆپیشاندانێک دەبێت تەقەی لێبکرێت و بکوژرێت. کەس نابێت ژیانی بخاتە مەترسییەوە بەس لەبەرئەوەی کە ئازادانە ڕای خۆیان دەردەبڕن."

وتیشی " بە بۆچوونی ئێمە دەبێت هێزەکانی ئاسایشی ئیسڕائیل هەندێک گۆڕانکاری بنەڕەتی بکەن لە شێوازی کارکردنییان لە کەناری ڕۆژئاوادا، بە گۆڕانکاریکردنیشەوە لە یاساکانییان بۆ تەقەکردن."

وتی " ئێستا دوو هاووڵاتی ئەمەریکاییمان لەسەر دەستی هێزەکانی ئاسایشی ئیسڕائیل کوژراون. ئەوە جێی قبووڵکردن نیە. ئەوە دەبێت بگۆڕێت."

بلینکن جارێکی دیکە باسی لە نیگەرانییەکان کردەوە سەبارەت بە نەبوونی لێپێچینەوە لەو نیشتەجێیە ئیسڕائیلییانەی کە هێرشییان کردووەتە سەر فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا لە کاتێکدا کە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە بەردەوامە.

ئیگی تەمەن 26 ساڵ هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی – تورکیایی بووە لە کاتێکدا کوژراوە کە بەشداری کردووە لە خۆپیشاندانە هەفتەییەکاندا دژی نیشتەجێیەکانی ئیسڕائیل لە کەناری ڕۆژئاوا.

سوپای ئیسڕائیل وتی بۆی دەرکەوتووە کە " پێدەچێت ئیگی ناڕاستەوخۆ و بەبێ مەبەست فیشەکی هێزەکانی ئاسایشی ئیسڕائیلی بەرکەوتبێت."

وتیشی " تەقەکە بۆ ئەو نەبووە بەڵکو بۆ کەسێک بووە کە هانی پشێوییەکەی داوە."

بەڵام وتیشی کە ئیگی " لە ماوەی پشێوییەکی توندوتیژدا کوژراوە کە تێیدا دەیان گومانلێکراوی فەلەستینی تایەیان سوتاندووە و بەردییان گرتووەتە هێزەکانی ئاسیاشی لە بەیتا."

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر وتی هێزەکانی ئیسڕائیل " فیشەکییان ناوە بە سەری ئیگییەوە " و کوشتوویانە.

سەرۆکی شارەوانی بەیتا و دەزگای هەواڵی وەفای فەلەستینییەکان و خێزانەکەشی وتییان سەربازانی ئیسڕائیل ئیگییان کوشتووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس