بلینکن لە کۆبوونەوەی لوتکەی ئاسێئان ڕەخنە لە "بەرزبوونەوە و کردەوە نایاساییەکانی" چین دەگرێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە کۆبوونەوەیەکدا ڕۆژی شەممە ڕەخنەی لە " کارە نایاساییەکانی " چین گرت لە دەریای باشووری چیندا.

بلینکن ڕەخنەی لە چین گرت لەسەر کارە دوژمنکارییەکانی هێزی پاسەوانی کەناری چین دژی فیلیپینی هاوپەیمانی پەیماننامەی بەرگری ئەمەریکا لە دەریای باشووری چیندا، بەڵام ستایشی دوو وڵاتەکەشی کرد لەسەر گفتوگۆ دیبلۆماتییەکەی نێوانییان دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە فیلیپین ئەرکی دابینکردنی پێداویستییەکانی بۆ هێزەکانی لە شاوڵی جێناکۆکی لەسەر تەواو کرد، بەبێ ئەوەی چین بەربەست بخاتە بەردەم ئەو ئەرکە.

ڕۆژی شەممە بلینکن لەگەڵ دیبلۆماتکارانی وڵاتە زلهێزەکانی وەکو چین و ڕووسیا و هیندستان و ئوستڕاڵیا و ژاپۆن و یەکێتی ئەوروپادا ئامادەی کۆڕبەندی ئاسایشی ئاسیا بوو، لە کۆڕبەندەکەدا تاوتوێی ململانێکانی ناو غەززە و ئۆکرانیا و بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور و گرژییەکانی ناو دەریای باشووری چین کرا.

بوونی هێزێکی بچووکی سەربازیی فیلیپین لەسەر کەشتییەکی پێشووی هێزی دەریایی ئەمەریکا کە کار ناکات لە تۆماس شاوڵی دووەم چەندین ساڵە چینی توڕە کردووە، چین چەندین جار ڕووبەڕووی فیلیپین بووەتەوە لەسەر ئەرکەکانی فیلیپین بۆ دابینکردنی پێداویستی بۆ ئەو هێزەی لە شاوڵ، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرژییەک لە ناوچەکەدا کە ئەگەر پەرەبسەنێت ڕەنگە ببێتە هۆی دەستوەردانی ئەمەریکا لەو کێشەیەدا.

لەم هەفتەیەدا چین و فیلیپین ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی چۆن ئەو جۆرە ئەرکانە ئەنجام بدرێن.

بلینکن بە وەزیرانی دەرەوەی دەستەی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ' ئاسیان ' ی وت " خۆشحاڵین ئاماژە بە ئەرکە سەرکەوتووەکەی ئەمڕۆ بدەین لە تۆماس شاوڵی دووەم."

وتی " ستایشی ئەوە دەکەین و هیوادارین و پێشبینی دەکەین لەمەودوا ئەوە بەردەوام بێت."

لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا بلینکن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین وانگ ییدا کۆبووەوە، ئەوەش شەشەمین کۆبوونەوەیان بوو لە مانگی شەشی ساڵی 2023 ەوە تاوەکو ئێستا، کاتێک سەردانەکەی بلینکن بۆ پەکین نیشانەیەک بوو لە باشبوونی پەیوەندییە گرژەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا کە گەورەترین ئابووری جیهانن.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی بلینکن لەگەڵ وانگدا تاوتوێی تایوان و نیگەرانییەکانی کردووە سەبارەت بە " کارە وروژێنەرەکانی " ئەمدواییانەی چین، لەوانەش گەمارۆدان لە ماوەی سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی تایوان لای چینگ تێدا.

بەرپرسەکە وتی دوو وەزیرەکە ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوانییان، وتیشی بلینکن باسیشی لە پشتیوانییەکانی چین کردووە بۆ پیشەسازی سەربازیی ڕووسیا و هۆشداریداوە لەسەر کاری زیاتری ئەمەریکا دژی کۆمپانیا چینییەکان، بەڵام وانگ هیچ بەڵێنێکی پێ نەداوە.

سەبارەت بە غەززەش پێشتر بلینکن وتی ئەمەریکا " هەموو ڕۆژێک ماندوونەناسانە کاردەکات " بۆ بە دەستهێنانی ئاگربەستێک لە غەززە و دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ ئاشتی و ئاسایشێکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز