بلینکن بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو دەگاتە عێراق

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی هەینی سەردانی عێراقی کرد بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی و گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی سوریا.

بلینکن سەردانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکای کرد لە بەغداد و وتی لەگەڵ سودانیدا سەبارەت بە دۆخی ناو سوریا قسەی کردووە.

بلینکن گوتی لەگەڵ سودانی گفتوگۆیان لەسەر " ڕازیبوونی هەموو وڵاتانی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش کردووە بە گواستنەوەی دەسەڵات لە دیکتاتۆری ئەسەدەوە بۆ دیموکراسییەک، بە شێوەیەک کە سەرجەم کەمینەکان لە سوریا بپارێزێت و حکومەتێکی گشتگیر و نا خێڵاوی دابمەزرێنێت."

وتیشی ئەو سوریایە نابێت " ببێتە سەکۆیەک بۆ تیرۆر، کەس لە عێراق زیاتر گرنگی ئەوە نازانێت، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی بوونی داعشەوە لە سوریادا، ئێمەش سوورین لەسەر ئەوەی دڵنیاببینەوە لەوەی کە داعش نەتوانێت سەرهەڵبداتەوە."

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە ڕاگەیاندنێکدا بڵاوی کردەوە "لە میانی دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا و ڕێگاکانی بەرەوپێشبردنی هاوکاری هاوبەش و دۆخی ناوچەکە، بەتایبەتی پێشهاتە بەردەوامەکانی سوریا، کە پێویستی بە هەوڵی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ دابینکردنی ئاسایش لە سوریا و دەستەبەرکردنی سەقامگیری تەواوی ناوچەکە."

عێراق جەختی کردووەتەوە لە گرنگی پشتیوانی عێراق لەم کاتە گرنگەدا "بۆ سوریاییەکان لە بنیاتنانەوەی دەوڵەتەکەیان و چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە دەشێن کاریگەرییان لەسەر ئاشتی سیڤیلی هەبێت."

بەرپرسێکی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزی وت کە واشنتن ئەم دۆخەی ئێستا بە دەرفەتێک دەبینێت بۆ ئەوەی دەسەڵات و کاریگەرییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا کەمتر بکرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز