چەند نوێنەرێک لە پارلمانی ئێران و مامۆستایانی ئایینی سوننە داوای پێداچوونەوە بەسەر سزاکەی و دادگاییکردنەوەی حەیدەر قوربانی دەکەن

بە پێی هەواڵێک کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، 50 کەس لە زانایان و مامۆستایانی ئایینی و نوێنەرانی کورد لە پارلماندا، داوایان لە سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران کردووە کە داوای حەیدەر قوربانی بۆ دووبارە دادگاییکردنەوە و پێداچوونەوە پەسەند بکرێت.

دامەزراوەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت ئەندامێکی خێزانی حەیدەر قوربانی لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ ئەم دامەزراوەیە گوتوێتی پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕەتکردنەوەی دووبارە دادگاییکردنەوەی قوربانی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە، کۆمەڵێ مامۆستای ئایینی و نوێنەر لە ناوچە جیاجیاکانەوە نامەیەکیان ئاڕاستەی سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران کردووە کە تێیدا باس کراوە سزای"بەغی" کە بە سەر قوربانیدا سپێندراوە، ڕاست نییە وداوایان کردووە سزای لە سێدارەدانی ناوبراو هەڵبوەشێندرێتەوە. بە پێی قسەکانی ئەو سەرچاوەیە کە بۆ تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان قسەی کردووە لە نامەکەدا هەروەها هاتووە کە مامۆستایان وتوویانە بنەماڵەی قوربانی لە نزیکەوە دەناسن و دڵنیان لەوەی کە ناوبرا هیچ کات ئەندامی هیچ حیزب و لایەنێک نەبووە و چەکی دژی حکوومەتی هەڵنەگرتووە و بەم پێیەش نابێت سزای "بەغی" بەسەریدا بسەپێنرێت.

سەرچاوەکە هەروەها ئەوەشی خستوەتەڕوو کە جیا لە زانایان و مامۆستایانی ئایینی، کۆمەڵێک نوێنەری کورد لە پەرلەمانی ئێراندا، لەوانە جەلال مەحموودزادە داوایان کردووە لە سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران کە پێداچوونەوە بۆ نامەی ئەم مامۆستایانە و هەروەها سزاکەی حەیدەر قوربانی بکرێت.

بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە پەیوەندی کرد بە ساڵح نیکبەخت، پارێزەری حەیدەر قوربانییەوە ئەو پارێزەرە لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.

بەڕێز نیکبەخت گوتی" نامەی مامۆستا ئایینیەکان بە یارمەتی یاساناسێک و بە هێنانەوە و ئاماژەدان بە هەندێ بڕگە و دەستور نووسراوە و ئاراستەی سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران کراوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بکرێت بۆ کەیسی حەیدەر قوربانی".

بەڕێز نیکبەخت مانگی ڕابردووش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا باسی ئەوەی کرد کە حەیدەر قوربانی لە میانەی هەموو دانیشتن و دادگاییکردنەکەیدا لەگەڵ دادوەرانی لێکۆڵینەوە و هەروەها لە ئێدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستاندا، هەموو جۆرێک هاوکاری حیزبی لەگەڵ هەموو لایەنێکی کوردیدا ڕەتکردۆتەو. نیکبەخت هەروەها گوتی کە بە پێی بڕیاری لقی یەکی دادگای تاوانی شاری سنەش، ئەم زیندانییە سیاسییە نە چەکدار بووە و نە دەستی بۆ چەک بردووە، بۆیە بەم پێیەش ناتوانین بڵێن ئەو کەسێکی یاخی و سەرکەشە وسزای لە سیدارەدانی بۆ دەرچێت.

حەیدەر قوربانی لە مانگی 10 ی ساڵی 2016دا لە کامیارانی کوردستانی ئێران دەستگیر کرا و تاوانبارکرا بە ڕووداوێکی توندوتیژ کە مانگێک پێش ئەوە، لەوێ ڕوویدابوو و تیایدا 3 کەسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران کوژرابوون.