نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی نقوومبوونی بەلەمێکەوە لە نزیک لیبیا زیاتر لە 60 کۆچبەر دەخنکێن

دەزگای کۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بەلەمێک کە دەیان کۆچبەری هەڵگرتبوو لە هەوڵیدا بۆ گەیشتن بە ئەوروپا لە دەرەوەی کەناری لیبیادا نقووم دەبێت، لە ئەنجامدا زیاتر لە 60 کۆچبەر گیانییان لە دەستداوە، کە ژن و منداڵیشییان تێدایە.

نقوومبوونی کەشتییەکە نوێترین کارەسات بوو لەم بەشەی دەریای ناوەنددا، کە ڕێڕەوێکی سەرەکی بەڵام مەترسیدارە بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە هەوڵی ژیانێکی باشتر دەدەن لە ئەوروپا. بەپێی بەرپرسان، هەزاران کەس لەو دەریایەدا گیانییان لە دەستداوە.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا وتی بەپێی وتەی ڕزگاربووان، کەشتییەکە 86 کۆچبەری پێبووە کاتێک شەپۆلە بەهێزەکان هێناوییەتییە سەر کەناری شارۆچکەی زوارەی ڕۆژئاوای لیبیا، وتیشی 61 کۆچبەر خنکاون.

ڕێکخراوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی " ناوەڕاستی دەریای ناوەند هێشتا مەترسیدارترین ڕێڕەوی کۆچە."

لەم ساڵانەی دواییدا لیبیا بووەتە خاڵێکی سەرەکی تێپەڕبوونی ئەو کۆچبەرانەی کە لە دەست جەنگ و هەژاری لە ئەفریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدێن.

وتەبێژی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان فلاڤیۆ دی جیاکۆمۆ دەڵێت لەم ساڵدا زیاتر لە 2,250 کەس لەسەر ئەو ڕێڕەوە بۆ ناوەڕاستی ئەوروپا گیانییان لە دەستداوە.

دی جیاکۆمۆ لە ئێکس نوسیویەتی " ئەو ژمارەیەکی زۆر دراماتیکییە و دەریدەخات کە بە داخەوە کاری تەواو نەکراوە بۆ پاراستنی ژیانی خەڵکەکە لە دەریادا."

بەپێی پڕۆژەی کۆچبەرانی بێسەروشوێن بووەی ڕێکخراوەکە، لە 1 ی مانگی یەکەوە تاوەکو 18 ی مانگی یانزە لە دەرەوەی کەناراوەکانی لیبیا لانیکەم 940 کۆچبەر گیانییان لە دەستداوە و 1,248 کۆچبەری دیکە بێسەروشوێن بوون.

پڕۆژەکە کە چاودێری جووڵەی کۆچ دەکات، وتی لەم ساڵدا نزیکەی 14,900 کۆچبەر بە 1000 ژن و زیاتر لە 530 منداڵیشەوە بەرپەرچ دراونەتەوە و ڕەوانەی لیبیا کراونەتەوە.

لە ساڵی 2022 دا، پڕۆژەکە وتی لە دەرەوەی کەناراوەکانی لیبیا 529 کەس گیانییان لە دەستداوە و 848 کەسی دیکە بێسەروشوێن بوون. زیاتر لە 24,600 کەس بەرپەرچ دراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ لیبیا.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بازرگانیکاران بە مرۆڤەوە سوودییان لە بێسەروبەرییەکەی ناو لیبیا وەرگرتووە، کۆچبەرانییان بە قاچاخ بە سەرانسەری سنوورە دوورودرێژەکەی لیبیادا بردووە، کە سنووری بە شەش وڵاتەوە هەیە. کۆچبەرەکان خراونەتە ناو بەلەمی قەرەباڵغەوە، بە بەلەمی لاستیکیشەوە، لەوێوە ڕەوانەی گەشتی مەترسیدارییان دەکەن بە دەریاکەدا.

بەپێی لێکۆڵەرەوانی مۆڵەت پێدراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوانەی کە بەرپەرچ دەدرێنەوە و ڕەوانەی لیبیا دەکرێنەوە لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی حکومەتدا دادەنرێن و سوکایەتییان پێدەکرێت، لەوانەش بە ناچاری کارییان پێدەکرێت و لێیان دەدرێت و ئەشکەنجە دەدرێن و دەستدرێژی سێکسییان دەکرێتە سەر، ئەوانەش دەگەنە ئاستی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی.

سوکایەتییەکە هەندێک جار هەوڵی دیکەی بەدوادا دێت بۆ دەستکەوتنی پارە لە خێزانەکانی ئەو کەسانەی کە گیراون، پێش ئەوەی کۆچبەرە زیندانیکراوەکان ڕێگەیان پێبدرێت بە بەلەمەکانی قاچاخچییەکان لیبیا جێبهێڵن و بەرەو ئەوروپا بڕۆن.