باب مێنێندێز، سیناتۆری بەناوبانگی ئەمەریکا و هاوسەرەکەی تۆمەتبار دەکرێن بە بەرتیل وەرگرتن

سیناتۆر باب مێنیندێز و خێزانەکەی نادین ئەرسلانیان

سێ ساڵ لەمەوبەر، باب مێنیندێز، سیناتۆری دیموکرات لە ویلایەتی نیوجێرزی ڕایگەیاند هاوسەرگیری لەگەڵ نادین ئەرسلانیاندا کردووە و مێنیندێز ڕۆژی هاوسەرگیرییەکەی بە "ڕۆژێکی خۆش" ناودەبات کە "هەرگیز لە بیری ناکات."

مێنیندێز و ئەرسلانیان بۆ ماوەی دوو ساڵ پێش هاوسەرگیرییەکەیان پێکەوە بوون و زۆرجاریش کاتێک لەگەڵ بەرپرسانی میسڕدا کۆبووەتەوە ئەرسلانیان لەگەڵیدا بووە، لە کۆبوونەوەکانیشدا باس لە بابەتی هەستیار کراون، لەوانەش فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازیی ئەمەریکا.

لە ئێستادا مێنیندێز و هاوسەرەکەی ڕووبەڕووی تاوانێکی فیدڕاڵی بوونەتەوە کە دەوترێت خێزانەکەی ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە ڕێکخستن و ئامادەبوون لەو کۆبوونەوانەدا کە خاوەنکار و بەرپرسانی بیانی تێیدا بەشدار بوون و هەوڵیانداوە چاکەیەکییان لە مێنیندێزەوە دەست بکەوێت.

سیناتۆرەکە دەڵێت لێکۆڵەرەوان ڕاستییەکانییان چەواشە کردووە و کارە یاساییەکانی ئەوییان بە هەڵە لێکداوەتەوە. پارێزەرێکی ئەرسلانیان دەڵێت ئەرسلانییان ڕەتی کردووەتەوە هیچ کارێکی هەڵەی کردبێت و " بە توندی دژی ئەو تۆمەتانە " دەوەستێتەوە لە دادگادا.

بەپێی نوسراوی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە، مێنیندێز و ئەرسلانیان لە ساڵی 2018 ەوە پێکەوەن، لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە ئەرسلانیان لەو کاتەدا کاری نەبووە.

لە ساڵی 2019 دا مێنیندێز لە تاج محەلی هیندستان داوای هاوسەرگیری لە ئەرسلانیان کردووە و ئەڵقەیەکی داوەتێ.

لە نوسراوەکەدا هاتووە دەڵێت، بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی مێنیندێزی ناسیوە، ئەرسلانیا لەگەڵ خاوەن کارێکی میسڕیدا کاریکردووە بە ناوی وائیل حەنا، ئەوەش لە پێناو ئەوەدا کە سیناتۆرەکەی ئەمەریکا کە سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکایە، بناسێنێت بە بەرپرسانی میسڕی.

لە ساڵی 2018 دا لە کاتێکدا کە لە ئۆفیسی خۆی لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسە میسڕییەکاندا کۆبووەتەوە، ئەرسلانیان لەگەڵیدا بووە و لە زۆربەی کۆبوونەوەکاندا ئامادە بووە.

دەشڵێت لە مانگی پێنجی ساڵی 2018 دا، دوای ئەوەی لەگەڵ بەرپرسە میسڕییەکاندا کۆبوونەتەوە، مێنیندێز زانیاری هەستیاری لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە وەرگرتووە سەبارەت بە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە قاهیرە و بە نامەیەک ناردوویەتی بۆ ئەرسلانیان، ئەویش دواتر ناردوویەتی بۆ بەرپرسانی میسڕ.

لە بەرامبەر بەڵێنەکەی مێنیندێزدا بۆ یارمەتیدان لەوەدا کە میسڕ سوود لە فرۆشییە سەربازییەکانی ئەمەریکا وەربگرێت، حەنا کارێکی لە کۆمپانیاکەی خۆی داوە بە ئەرسلانیان و 23,000 دۆلاریشی داوەتێ تاوەکو ماڵەکەی ڕزگار بکات لە ڕێوشوێنەکانی دەستبەسەراگرتن.

لە مانگی شەشی ساڵی 2022 دا ، بەرپرسانی ئەمەریکا شوێنی نیشتەجێبوونی مێنیندێز و ئەرسلانیان پشکنی، لە ئینگلوودی ویلایەتی نیوجێرزی، لە ماوەی پشکنینەکەدا زیاتر لە 100,000 دۆلارییان لە ئاڵتوون و 480,000 دۆلارییان بە کەش دۆزییەوە، لە قاسەکەی ئەرسلانیانیشدا 70,000 دۆلار دۆزرایەوە.

ئەرسلانیان بە تۆمەتی دامەزراندنی کۆمپانیایەک بە ناوی " ڕاوێژکاری ستراتیژی کاری نێودەوڵەتی " بە یارمەتی مێنیندێز بۆ وەرگرتنی پارەی بەرتیل تۆمەتبار کراوە.

بەپێی نوسراوەکە، ئەرسلانیان بە ناسیاوێکی خۆی وتووە " هەر کاتێک من کەسی ناوەند دەبم بۆ گرێبەستێک، داوای پارە دەکەم و ئەوەش کۆمپانیاکەمە."

باب مێنێندێز کوڕی ژن و مێردێکی کۆچبەری کوبایە و ساڵی 1986ەوە کە بە سەرۆکی شارەوانی یونیون سیتی لە ویلایەتی نیوجرسی هەڵبژێردرا، بەردەوام لە دەسەڵاتدا بووە.

ئەو سیناتۆرە بۆ ماوەی 14ساڵ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بووە و دواتر لە ساڵی2006دا کاتێک یان کۆرزین بە پارێزگاری نیوجرسی هەڵبژێردرا، کورسییەکەی لە ئەنجومەنی سینات دا بە باب مێنێندێز .

مێنێندێز نەیارێکی سەرسەختی ڕووسیا و چینە و لە دوای هێرشە سەربازییەکەی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا لە چەند بۆنەیەکدا داوای ڕێوشوێنی توندتر لە دژی حکومەتەکەی ڤلادیمێر پوتین کردووە. هەروەها یەکێک بوو لە نەیارانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەڕیوبەرایەتی باراک ئۆباما و پێنج زلهێزی دیکەی جیهانی لەگەڵ ئێران .


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز