بەریتانیا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی لە کاتی گەشتکردنیاندا بۆ دانیمارک

بەریتانیا داوای لە هاووڵاتییانی کرد لە کاتی گەشتکردنیاندا بۆ دانیمارک وریا بن، بەهۆی ئەگەری ڕوودانی هێرشەوە لەو وڵاتەدا. ئەمەش دوابەدوای سوتاندنی قورئان لەلایەن چالاکەوانەکانی دژ بە ئیسلامەوە لە دانیمارک و سوید.

بەڕیتانیا و ئەمەریکا پێشتر هۆشدارییان داوە لەسەر ئەگەری ڕوودانی هێرش لە سویدی دراوسێی دانیمارک، سوید لە ماوەی ڕابردوودا ئاستی مەترسی هەڕەشەی تیرۆری بەرزکردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا لە ئاگادارییەکەیدا بۆ گەشتکردن دەڵێت " پێدەچێت تیرۆریستان لە دانیمارک هێرش ئەنجام بدەن. هێرشەکان دەکرێت بەبێ جیاوازی بێت، لەو شوێنانەدا کە هاووڵاتییانی بیانی بەردەوام سەردانییان دەکەن."

وتیشی بەرپرسانی دانیمارک سەرکەوتووانە توانیویانە ژمارەیەک هێرشی پلان بۆ داڕێژراو پوچەڵ بکەنەوە و چەند کەسێکیشیان دەستگیرکردووە.

سویدیش بە هەمان شێوە ڕایگەیاندووە کە دوای سوتاندنی قورئانەکان لە وڵاتەکەدا چەند هێرشێکی پوچەڵ کردووەتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی سوید ڕایگەیاند ئاسایشی باڵیۆزخانەکان و نێردە دیپلۆماتییەکانی دیکەی پتەوتر کردووە، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکانەوە لەسەر بەرژەوەندییەکانی سوید لە دەرەوە.

دانیمارک و سوید سەرکۆنەی سوتاندنی قورئانییان کردووە و هەردووکیان هەوڵی یاسایەک دەدەن کە تێیدا ئەو جۆرە کارانە ڕابگرێت، بەڵام ڕەخنەگران لە ناوخۆدا دەڵێن هەر جۆرە هەنگاوێک کە دەگیردرێتەبەر دەبێت ئازادی ڕادەربڕین بپارێزێت کە لەلایەن دەستووری وڵاتەکانییانەوە پارێزراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز