ئاگرکوژێنەوەکانی کالیفۆرنیا بە پاڵپشتی هێزی مرۆیی و کەلوپەلی تازە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەگەری ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی باشووری کالیفۆرنیا لە ڕۆژی سێشەممەدا لە کاتێکدا کە هۆشداری دەدەن لەسەر بایەکی بەهێز و وشکەساڵی.
دەزگای کەشناسی نیشتیمانی دەڵێت خێرایی ڕەشەبا لە ڕۆژی سێشەممە دەکرێت 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا تێپەڕ بکات و ناوچەیەکی گەورەی باشووری کالیفۆرنیا دەخاتە ژێر مەترسی ئاگرکەوتنەوەوە.
سەرۆکی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەی لۆس ئانجلس ئەنتۆنی مارۆن ڕۆژی دووشەممە وتی ئاگرکوژێنەوەکان " بەتەواوەتی باشتر ئامادە بوون " بە بەراورد بەو کاتەی کە هەفتەی ڕابردوو زنجیرەیەک ئاگرکەوتنەوە سەریانهەڵدا، بەڵام ڕەشەبا لەوانەیە دەسەڵاتداران ناچار بکات ئەو فڕۆکانە ڕابگرن کە لە ئاسمانەوە ئاو بەردەدەنە خوارەوە.
ئەم جۆرە سنووردارکردنانە لە بەشێک لە هەفتەی ڕابردوودا جێبەجێ کرابوون کاتێک چوار ئاگری گەورە کەوتنەوە. ئەو ئاگرانە پێکەوە زیاتر لە 160 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان سوتاندووە.
ئاگرکوژێنەوەکان ئاگرێکیان بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ کردووە، هاوکات ئاگرێکی دیکەش لە باکووری لۆس ئانجلس لە سەدا 97 ی کۆنتڕۆڵ کراوە.
ئاگرکوژێنەوەی کالیفۆرنیا وتی ئاگرە گەورەکەی دیکە ئاگری ئیتن بوو لە دامێنی چیاکانی سان گابریێل لە لای ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە. ئەو ئاگرە لە سەدا 33 ی کۆنتڕۆڵ کراوە و 57 کیلۆمەتر چوارگۆشەی سوتاندووە.
ئاگرەکان بوونەتە هۆی گیان لە دەستدانی لانیکەم 24 کەس، هاوکات بەرپرسان بەردەوامن لە گەڕان بە دوای دەیان کەسی دیکەدا کە ڕەنگە بێسەروشوێن بووبێتن.
نزیکەی 100,000 کەس لە ناوچەکەدا لە ژێر فەرمانی چۆڵکردندا ماونەتەوە. سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەڵێنی پشتیوانی زیاتری فیدڕاڵی کرد و وتی " هەموو شتێک دەکەین بۆ یارمەتیدانتان تاوەکو لەمە ڕزگارتان بێت."
بایدن وتی " کۆتایی هەفتەیەکی دڵتەزێن بوو بۆ زۆرێک لە خەڵک لە لۆس ئانجلس. خۆڵەمێش وەک بەفر دەباری، ماڵەکان دەسوتان."
وتی " هەزاران لەو ماڵانە لە ناوچوون. ئەوەشمان بیست کە ئەمەریکاییەکانمان لە دەستداوە. لەبەرئەوە دووبارە بە خەڵکی لۆس ئانجلس دەڵێینەوە کە ئێمە لەگەڵتانداین."
سەرۆک ستایشی کارەکانی تیمەکانی فریاگوزاری کرد و وتی " لۆس ئانجلس شاری فریشتەکانە، ئێوەش ئێستا فریشتەکانن. ئێوە بە ڕاستی فریشتەن و ژیانی خەڵکەکە ڕزگار دەکەن، ئێمە قەرزداری ئێوەین."
بایدن گوتی حکومەتی فیدراڵی یارمەتی دابین دەکات بۆ یارمەتیدان لە خەرجکردنی پارەی زیادە بۆ ئاگرکوژێنەوەکان و لابردنی پاشماوەکان و پەناگە کاتییەکان. وتی ناوچەکە پێویستی بە دەیان ملیاران دۆلار هەیە بۆ چاککردنەوەی و داوای لە کۆنگرێس کرد
هەنگاو بنێت " بۆ دابینکردنی خەرجییەکان.
هەندێک لە سەرکردەکانی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە دابینکردنی یارمەتی فیدڕاڵی دەبێت بە مەرج بێت، ئەمە لە کاتێکدا کە ڕەخنەیان لە سەرکردەکانی کالیفۆرنیا گرت لەسەر ئەوەی کە گوایە بەباشی مامەڵەیان لەگەڵ ئاو و سەرچاوەکانی دارستاندا نەکردووە.
فەرمانڕەوای ویلایەتی کالیفۆرنیا گاڤین نیوسەم لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا وتی لە ساڵی 2019 ەوە کاتێک ئەو پۆستەی وەرگرتووە ویلایەتەکە هێزی ئاگرکوژێنەوەکەی و هەوڵەکانی بەڕێوەبردنی دارستانەکانی زیاد کردووە.
ڕۆژی دووشەممە، سکاڵایەک لە دژی ئەدیسنی باشووری کالیفۆرنیا تۆمار کراوە و دەڵێت کەلوپەلەکانی خزمەتگوزارییەکە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەی کوشندەی ئیتن کە لە 7 ی مانگی یەکدا دەستیپێکرد.
ئەدیسن دانی بەوەدانا کە دەزگاکانی ئاگرکوژێنەوە لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە ئاخۆ کەلوپەلەکانی بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە لە ناوچەکەدا یان نا.
هەروەها بەشی ئاو و کارەبای لۆس ئانجلسیش ڕۆژی دووشەممە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە. سکاڵاکە باس لەوە دەکات کە خزمەتگوزارییەکە شکستی هێناوە لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاوی گرنگ بۆ کوژاندنەوەی ئاگرە کوشندەکەی پالیسەیدس کە بەلایەنی کەمەوە هەشت کەس لەو ئاگرەدا گیانییان لە دەستداوە و هەزاران بینای وێران کردووە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا