هه‌له‌و واشنتن: عێراق و پێکهێنانی حکومه‌تی وڵاته‌که‌ و ڕه‌وشی مافه‌کانی مرۆڤ

هه‌له‌و واشنتن: عێراق و پێکهێنانی حکومه‌تی وڵاته‌که‌ و ڕه‌وشی مافه‌کانی مرۆڤ

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ ڕێکه‌وتنی سیاسی له‌ عێراقدا هاته‌ ئارا ، بۆ کۆتایی هێنان به‌ قه‌یرانی سیاسی وڵاته‌که‌ ، به‌ڵام زۆرێک له‌ چاودێرانی کاروباری عێراق له‌و بڕوایه‌دان ته‌نگژه‌ سیاسیه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ فره‌ نه‌ژاد و فره‌ ئایین و ئاینزایه‌ هه‌روا به‌ سانایی کۆتاییان پێ نایه‌ت و ده‌شڵێن هێشتاش ڕێگه‌یه‌کی دوور و درێژ له‌ پێشه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئاڵۆزیه‌کان.

وه‌ک باسکراوه‌ ، پێکهێنانی حکومه‌تی نوێێ عێراق له‌سه‌ر بنچینه‌ی به‌شداریکردنی هه‌موو پێکهاته‌کانی وڵاته‌که‌ ، نه‌ک هه‌ر ته‌نها یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت به‌ڵکو هۆکارێکی سه‌ره‌کیش ده‌بێت بۆ ئه‌و سه‌قامگیریه‌ سیاسی و ئاسایشیه‌ی بۆته‌ ویردی سه‌ر زمانی عێراقیه‌کان.

له‌ ئێستادا زۆربه‌ی سه‌رنجه‌کان به‌و ئاقاره‌دان که‌ ئایا لیستی ئه‌لعێراقیه‌ی دکتۆر ئه‌یاد عه‌لاوی چ پۆستێک و چه‌ند پۆستی ده‌بێت له‌م کابینه‌ نوێیه‌ی حکومه‌تی عێراقدا، یان به‌ مانایه‌کی تر ، نوری ئه‌لمالیکی ، سه‌ره‌ک وه‌زیری ڕاسپێردراو کام یه‌کێ له‌و پۆستانه‌ به‌ ڕه‌وا ده‌بینێت بۆ ئه‌لعێراقیه‌.

بڕیاره‌ ئه‌نجومه‌نێکی نوێی سیاسی له‌ عێراق پێکبهێنرێت و دکتۆر عه‌لاوی سه‌رۆکایه‌تی بکات ، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش نه‌ک هه‌ر ژینگه‌ سیاسیه‌که‌ی عێراقی ساز نه‌کرد ، به‌ڵکو کێشه‌ی تری به‌ دوای خۆیدا هێنا، وه‌ک ئه‌و ناکۆکیه‌ی له‌سه‌ر کار و ئه‌رکه‌کان و ده‌سه‌ڵاته‌کانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌دا هاتنه‌ ئاراوه.

له‌ چوار پێنج ساڵی ڕابردوودا ڕێکخراوه‌کانی چاودێریکردنی مافه‌کانی مرۆڤ ، له‌ ڕاپۆرته‌کانیاندا گله‌ و گازه‌نده‌یان هه‌بووه‌‌ به‌رامبه‌ر به‌و پێشێلکاریانه‌ی له‌ مافه‌کانی مرۆڤدا کراون، ئایا ئه‌م‌ جاره‌یان مالیکی له‌ ڕێی پێکهێنانی کابینه‌ نوێیه‌که‌یه‌وه‌ ده‌توانێت هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌و جۆره‌ پێشێلکاریانه‌ که‌م بکاته‌وه‌ ؟؟

ئایا ده‌کرێت وا بڕوانرێته‌ کابینه‌ی نوێی حکومه‌تی عێراق که‌ بگوترێت قۆناغێکی نوێی وڵاته‌که‌یه‌؟؟

ئایا عێراق له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ی ئێستایدا پێویستی به‌ ئۆپزسیۆنێکی کارا و چالاک هه‌یه‌ یان نا؟؟

هاوکارمان به‌ڵێن ساڵح ، له‌ به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی هه‌له‌ و واشنتندا ، میوانداری هه‌ریه‌ک له‌م به‌ڕێزانه‌ی کردووه:‌

دارا موحه‌مه‌د ئه‌مین، ئه‌ندامی فراکسیۆنه‌ کوردستانیه‌کان بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی تری عێراقدا.

دکتۆر کامه‌ران مه‌نتک ، مامۆستای زانسته‌ سیاسیه‌کان له‌ زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین.

ده‌توانن گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی هه‌له‌ و واشنتن بن له‌ ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ که‌ ماوه‌که‌ی48:20 خوله‌که‌.