پۆلیسی کەنەدا: 5 کەس بەهۆی ڕووداوێکی تەقەکردنەوە لە کەنەدا کوژراون

پۆلیسی کەنەدا دەڵێت بەهۆی ڕوودانی تەقەکردنێکەوە لە گەڕەکێکی شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا پێنج کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

سەرۆکی پۆلیسی ناوخۆ جیم ماکسوین بە ڕۆژنامەنووسانی وت گومانلێکراوەکەش لە شەڕە تەقەکەدا لەگەڵ پۆلیس کوژراوە، وتیشی تەقەکردنەکە لە ناو بینایەکی نیشتەجێبووندا ڕوویداوە.

بریندارەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و ژیانیشی لە مەترسیدا نیە.

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی کەنەدا ماکسوین بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە " هەر کە پۆلیس گەیشتۆتە شوێنەکە، ڕووبەڕووی دیمەنێکی ترسناک بوونەتەوە کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە قوربانیان مردبوون."

پۆلیس لێکۆڵینەوە دەکات لە پاڵنەری گومانلێکراوەکە و ئەوەی کە ئایا هیچ پەیوەندییەک هەبووە لە نێوان گومانلێکراوەکە و قوربانییەکاندا یاخود نا، بەڵام ناوی گومانلێکراوەکەی ئاشکرا نەکرد، دەوترێت گومانلێکراوەکە بە تەنها ئەو کارەی کردووە.

قوربانییەکان لە شوقەی جیاوازی بیناکەدا دۆزراونەتەوە کە دەکەوێتە شاری ڤان کە 30 کیلۆمەتر لە باکووری تۆرۆنتۆوە دوورە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کەنەدا دەڵێن دانیشتوانی بیناکە دەستبەجێ گواستراونەتەوە و دەیان ئوتومبێلی فریاکەوتن و ئەفسەرانی پۆلیس لە شوێنی ڕووداوەکەدا بوون.

لە کاتێکدا کە کەنەدا ڕووبەڕووی ڕووداوی کەمتری تەقەکردن دەبێتەوە وەک لە ئەمەریکای دراوسێی، لەمدواییانەدا توندوتیژییەکانی چەک لە کەنەدا زیادییان کردووە، لەمدواییانەشدا حکومەتی کەنەدا ناچار بوو یاسایەک دەربکات بۆ قەدەغەکردنی دەمانچە.

لە ساڵی 2020 دا چەکدارێک کە وەکو پۆلیس خۆی پیشاندابوو 22 کەسی لە شاری نۆڤا سکۆتیای ڕۆژهەڵاتی کەنەدا کوشت، ئەوەش کوشندەترین ڕووداوی تەقەکردن بوو لە کەنەدادا.

لە مانگی نۆی ئەم ساڵدا پیاوێک شاری ساسکاچیوان کە زۆرینەی دانیشتوانەکانی ڕەسەنەکانن، 11 کەسی کوشت و 18 کەسی دیکەی بە چەقۆ بریندار کرد.

لە سەدا سێی تاوانەکان لە کەنەدا بە چەک ئەنجامدراون، بەڵام لە ساڵی 2009 ەوە بەکارهێنانی دەمانچە بۆ کوشتن یاخود بریندار کردن پێنج هێندەر زیادیکردووە.

کەنەدا لە مانگی 5 ی ساڵی 2020 دا 1500 جۆری چەکی سەربازیی قەدەغە کرد، ئەوەش چەند ڕۆژێک دوای ڕووداوی تەقەکردنەکەی نۆڤا سکۆتیا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا