ئاشتۆن کارتەر: ناردنی هێزی شەڕکەری ئەمەریکایی بۆ عێراق نابێتە مایەی سەرکەوتن بەسەر داعش

وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت ناردنی هێزی شەڕکەری ئەمەریکایی بۆ عێراق نابێتە مایەی سەرکەوتنێـکی درێژدەم لە بەرامبەر داعش. دەشڵێت بۆ بەدەسـتهێنانی ئامانجە گرنگەکان دەبێت هێزە عێراقیـیەکان ئەنجامی بدەن.

ئاشتۆن کارتەر ڕۆژی چوارشەممە ئەمەی بۆ کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە کۆنگرێس ڕاگەیاند و گوتی واشنتن بەردەوام دەبێت لە پشـتیوانیکردنی حکومەتی عێراق لە شەڕی دژی داعشدا. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد وڵاتەکەی بە ڕێگەی لەشکری و سیاسی و دیپـلۆماسی کار بۆ نەهێشـتنی داعش دەکات.

پاشان عێراقیـیەکانی دڵنیا کردەوە لەوەی ئەمەریکا کاردەکات بۆ خێرا ڕەوانەکردنی چەکی پـێشکەوتوو بۆیان، بە تایبەتی چەکی دژە تانک و ئامێری دۆزینەوەی تەقەمەنی. باسی لەوەش کرد مەشق و ڕاهێنان بە هێزە خێڵەکیـیە سووننەکان لە کرۆکی سـتراتیژیـیەتەکەی ئەمەریکایە بۆ نەهێشـتنی داعش.

هاوکات ڕەخنەی لە حکومەتی عێراق گرت لەسەر نەناردنی سەربازی تەواو بۆ بنکەکانی ڕاهێنان و گوتی لەو چوار بنکەیەی لە عێراق بۆ مەشق و ڕاهێنان کردوویانەتەوە، چاوەڕوان بوون نزیکەی 24 هەزار سەربازی عێراقی تیایاندا مەشق بکەن، بەڵام تەنها نزیکەی 7 هەزار سەربازیان بۆ ئەم مەبەستە پـێگەیشتووە.

پاشان داوای لە حکومەتی عێراق کرد کاربکات لەگەڵ هەموو پێـکهاتەکانی وڵاتەکەی لە پـێناو نەهێشـتنی توندڕەویدا. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە نەهێشـتنی تایفەگەرایی تاکە ڕێگەیە بۆ نەهێشـتنی داعش. هەروەها داوای لە بەغدا کرد سوونەی زیاتر لە نێو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا بەشداری پـێبکات.

سەبارەت بە ستراتیژیـیەتی ئەمەریکا لە شەڕی دژی داعش، وەزیری بەرگری گوتی لە نۆ خاڵی سەرەکی پـێـکهاتووە و گرنگترینیان نەهێشتنی شوێنی ئارامە بۆ داعش لە ڕێگەی هێرشە ئاسـمانیـیەکانەوە. هەروەها گوتی بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم ڕێـکخراوە پـێویستە زانیاری هەواڵگری لەسەری کۆبکرێتەوە و ڕێگە لە کۆمەکردنی بگیرێت و نەهێڵرێت چەکدارانی بیانی پەیوەندی پـێوە بکەن.

بەڕێز کارتەر باسی ئێرانیشی کرد و گوتی ئەو وڵاتە ڕۆڵێـکی نەرێنی لە ناوچەکەدا هەیە و کێشەیەکی گەورەیە بۆ ستراتیژیـیەتی نەهێشتنی داعش و هەروەها بۆ سیاسەتەکانی ئەمەریکاش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.