چین: شاندێکی سەربازیی چین سەردانی بەڕیتانیا و فەڕەنسای کردووە

وەزارەتی بەرگری چین ڕایگەیاند شاندێکی سەربازیی وڵاتەکە لە 24 ی مانگی شەشەوە تاوەکو ڕۆژی شەممە سەردانی فەڕەنسا و بەڕیتانیایان کردووە، مەبەست لە سەردانەکەش تاوتوێکردنی گەشەی پەیوەندییە بەرگرییە دوو قۆڵییەکان بووە.

وەزارەتی بەرگری چین لە بەیاننامەیەکدا وتی شاندی ڕاوێژی ستراتیژی بەرگری سوپای ڕزگاری گەل تاوتوێی بۆچوونەکانییان کردووە سەبارەت بە پرسە هاوبەشەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی و هەرێمی، هەروەها ئاستی لە یەکتر تێگەیشتن و متمانەیان بە یەکتریی بەرزتر کردۆتەوە.

کاتێک سەبارەت بە سەردانەکە پرسیاری لێکرا، وتەبێژێکی وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا وتی میوانداری شاندێکی دیالۆگی بەرگری ستراتیژی چینییان کردووە لە لەندەن.

وتەبێژەکە وتی " لە گفتوگۆکاندا باس لە ستراتیژییەکانی بەرگری نیشتیمانی دوو وڵاتەکە و دۆخی ناو ئۆکرانیا و ئاسایشی ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک و جێگیریی ستراتیژی و دەریای باشووری چین و تایوان کراوە، هاوکات تاوتوێی پەیوەندییە سەربازییەکەی نێوان بەڕیتانیا و چینیش کراوە."

بەپێی بەرپرسان، وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جەیمس کلێڤەرلی ڕەنگە لە مانگی حەوتدا سەردانی چین بکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە چین هەوڵی باشکردنی پەیوەندییەکان دەدات لەگەڵ چیندا و مامەڵەی لەگەڵدا بکات لە بوارەکانی وەکو بازرگانی و وەبەرهێنان و گۆڕانی کەش و هەوادا، لە هەمان کاتیشدا هەوڵ دەدات خۆی بپارێزێت لە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز