چین مەشقی سەربازیی لە دەوروبەری تایوان ئەنجام دەدات

چین وەکو وەڵامێکی پێشبینیکراو و توڕە بۆ سەردانەکەی جێگری سەرۆکی تایوان ویلیام لای بۆ ئەمەریکا، مەشقێکی سەربازیی لە دەوروبەری تایوان دەستپێکرد.

لای کە پێشەنگە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یەکدا ببێتە سەرۆکی تایوان، ڕۆژی هەینی لە ئەمەریکاوە گەڕایەوە بۆ تایوان. بە فەڕمی تەنها لە کاتی ڕۆیشتن و گەڕانەوەیدا بۆ پاراگوای لە ئەمەریکا وەستاوە، بەڵام لە کاتێکدا کە لە ئەمەریکا بووە وتاری داوە.

چین تایوانی دیموکراتخواز بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی حکومەتی تایوان ئەو بانگەشەیەی چین بە توندی ڕەت دەکاتەوە.

سەرکردایەتی سەربازیی ڕۆژهەڵاتی چین لە بەیاننامەیەکی کورتدا ڕایگەیاند مەشقێکی سەربازیی هاوبەشی دەریایی و ئاسمانی لە دەوروبەری تایوان ئەنجام دەدات.

وەزارەتی بەرگری تایوان وتی ڕۆژی شەممە 42 فڕۆکە و هەشت کەشتی چینی بینیوە کە بەشدار بوون لە مەشقەکەی دەوروبەری تایواندا، وتیشی فڕۆکە و کەشتی ڕەوانە کردووە بۆ وەڵامدانەوە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی 26 فڕۆکەی چینی هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوانییان بەزاندووە، ماوەی چەندین سەدەیە هێڵەکە بەربەستێکی نافەڕمی بووە لە نێوان سوپای چین و تایواندا.

سەرکردایەتی سەربازیی ڕۆژهەڵاتی چین وتی " ئەمە هۆشدارییەکی جددییە دژی هێزە جیاخوازەکانی تایوان کە دەستییان لەگەڵ هێزە بیانییەکاندا تێکەڵ کردووە بۆ وروژاندنی دۆخەکە."

حکومەتی تایوان بە توندی سەرکۆنەی مەشقەکانی کرد، وەزارەتی بەرگری تایوان وتی توانا و سوربوون و متمانەی بە خۆی هەیە ئاسایشی نیشتیمانی بپارێزێت.

ئەنجومەنی کاروباری چین لە حکومەتی تایوان داوای لە پەکین کرد ئەو کارانەی دەیکات بۆ ترساندن ڕابگرێت و دەست بکات بە گفتوگۆکردن، وتی گەلی تایوان سوورن لەسەر بەرگریکردن لە خۆیان و هەرگیز چۆک بۆ هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دانادەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز