ڕۆژی سێشەممە پۆلیسی چین بە شارەکانی پەکینی پایتەخت و شەنگهایدا بڵاوکرانەوە و مەبەست لە بڵاوکردنەوەیان ڕێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان دژی ڕێکار و کۆتوبەندەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە خۆپیشاندانەکاندا داوای دەست لە کارکێشانەوەی سەرۆکی چین شی جینپینگیش کراوە.
ڕۆژی دووشەممە حکومەتی چین هەندێک لە ڕێکارەکانی پەتاکەی لەسەر خەڵکەکە کەمکردەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا داکۆکی لە پابەندبوونی کردەوە بە ستراتیژی نەهێشتنی هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
بەڵام حکومەتی چین هیچ ئاماژەیەکی بە خۆپیشاندانەکان نەدا کە گەورەترین دەربڕینی ناڕەزایی بوو دژی حزبی کۆمیونیستی فەرمانڕەوای وڵاتەکە.
وەزارەتی دەرەوەی چین داکۆکی لە ڕێوشوێنەکانی وڵاتەکە کرد بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا و وتی حکومەت هەوڵ دەدات " پاراستنێکی تەواو بۆ ژیان و تەندروستی خەڵکەکە دابین بکات و هاوکات کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر گەشەی دارایی و ئابووری کەم بکاتەوە."
سیاسەتەکەی شی جینپینگ بۆ نەهێشتنی هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەرچاو حاڵەتەکانی توشبوونی بە ڤایرۆسەکە سنووردار کردووە، ئەوەش لە ڕێی قەدەغەکردنی هاتوچۆوە کە ژیانی ڕۆژانەی 1.4 ملیار دانیشتووی وڵاتەکەی تێکداوە. بەڵام خۆپیشاندانەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا وادەردەکەوێت ئاماژەیەک بن لەسەر ئەوەی زۆرێک لە چینییەکان بێزار بووبێتن لە مانەوەیان لە ماڵەوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و پشکنینەکان بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا.
دانیشتوویەکی شەنگهای کە بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا کردبوو بە دەنگی ئەمەریکای وت لە دەستپێکی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەکردنی هاتوچۆدا، خەڵکەکە پێی وابوو کارەکانی حکومەت بیرمەندانەن، بەڵام ئەو هەستانە گۆڕان کاتێک بینیان کۆتوبەندەکان وەکو خۆیان ماونەتەوە.
وتی " بۆ نموونە پێیان دەوتیت قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆ چەند ڕۆژێکە. سەرەتا دەیانووت سێ ڕۆژ. دواتر دوای سێ ڕۆژەکە سێ ڕۆژی دیکە زیاد دەکرا، دواتر سێ ڕۆژی دیکە و تا دوایی. لە مانگی پێنجدا بوو کاتێک خەڵکەکە بە ڕاستی بۆی دەرکەوت ئەمە بیرمەندانە نیە و ئاسایی نیە."
خۆپیشاندانەکانی چین دوابەدوای ئاگرکەوتنەوەکەی هەفتەی ڕابردووی شاری ئورمکی بوو کە بەهۆیەوە 10 کەس گیانیان لە دەستدا.
شایەتحاڵێکی ئاگرکەوتنەوەکە بە دەنگی ئەمەریکای وت تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە نەیانتوانیوە بە ئاسانی بچنە ناو بیناکەوە، ئەوەش بەهۆی سیاسەتەکانی حکومەتەوە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
حکومەتی چین ڕەتی دەکاتەوە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هیچ کێشەیەکیان هەبووبێت بۆ چوونە ناو بیناکەوە و ئەو هێزانەشی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " هەبوونی پاڵنەری دیکەی نهێنی " بۆ بەستنەوەی ئاگرکەوتنەوەکە بە ڕێوشوێنەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا