باڵیۆزی چین سەروەری وڵاتانی باڵتیک و ئۆکرانیا دەخاتە ژێر پرسیارەوە

فەڕەنسا و وڵاتانی باڵتیکی وەکو ئیستۆنیا، لاتیڤیا و لیتوانیا ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن بەرامبەر لێدوانەکانی باڵیۆزی چین لە پاریس کە تیایدا سەروەری وڵاتانی پێشووی یەکێتی سۆڤییەتی خستە ژێر پرسیارەوە.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا نیمچە دوورگەی کرایمیا بەشێکە لە ئۆکرانیا یاخود نا؟ باڵیۆزی چین لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا لو شایی لە چاوپێکەوتنێکدا کە ڕۆژی هەینی لە کەناڵێکی فەڕەنسییەوە پەخشکرا، وتی لە ڕووی مێژووییەوە کرایمیا بەشێکە لە ڕووسیا و سەرۆکی پێشووی یەکێتی سۆڤییەت نیکیتا خوروشێڤ داوییەتی بە ئۆکرانیا.

وتیشی " ئەم وڵاتانە کە پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤییەت بوون لە ڕاستیدا پێگەیەکییان نییە لە یاسای نێودەوڵەتیدا چونکە هیچ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی نییە کە تیایدا پێگەی سەروەری ئەم وڵاتانە بەشێوەیەکی بەرجەستە بوونی هەبێت."

ڕۆژی یەکشەممە فەڕەنسا وەڵامی دایەوە و وتی " بە تەواوەتی هاودەنگە " لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمان کە ئەو لێدوانەی باڵیۆزەکە گرتوونیەتەوە، وتیشی ئەو وڵاتانە " دوای دەیان ساڵ لە سەرکوتکاری " سەربەخۆیی خۆیان بە دەستهێناوە.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا وتی " بە تایبەتی سەبارەت بە ئۆکرانیا، لە ساڵی 1991دا ئۆکرانیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەلایەن سەرانسەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە چینیشەوە داندرا بە سنوورەکانیدا، بە کرایمیاشەوە."

وتەبێژەکە وتیشی چین دەبێت ڕوونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی ئایا ئەم لێدوانانە ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی چینە یاخود نا.

سێ وڵاتەکەی باڵتیک و ئۆکرانیا سەرجەمیان پێشتر بەشێک بوون لە یەکێتی سۆڤییەت، هەروەها بە هەمان شێوەی فەڕەنسا وەڵامی لێدوانەکانی باڵیۆزەکەیان دایەوە.

ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک وتی " سەیرە کە گوێبیستی چیرۆکێکی بێزارکەر دەبین سەبارەت بە مێژووی کرایمیا " لەلایەن نوێنەری وڵاتێکەوە کە وردبینە سەبارەت بە مێژووە هەزاران ساڵەکەی خۆیەوە."

وتیشی " ئەگەر دەتەوێت ببیتە یاریکەرێکی سیاسیی سەرەکی، پڕوپاگەندی کەسانی دەرەکی ڕووسی مەڵێرەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز