چین خۆی بەدوور دەگرێت لە سەرکۆنەکردنی ڕووسیا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وانگ وێنبین

سەرەڕای زیادبوونی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ڕۆژی هەینی چین دووبارە جەختی لە هەڵوێستی خۆی کردەوە و ڕەتی کردەوە ئەم کارەی ڕووسیا بە " داگیرکردن " ناودێر بکات، یاخود ڕەخنە لە مۆسکۆ بگرێت.

چین جەختی لەوە کردەوە باوەڕی بە ڕێز گرتن هەیە لە سەروەری خاکی سەرجەم وڵاتان، بەڵام وتی بابەتی ئۆکرانیا ئاڵۆزی خۆی هەیە و پێشینەیەکی مێژوویی تایبەتی هەیە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وانگ وێنبین بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لە نیگەرانییە یاساییە ئەمنییەکانی ڕووسیا تێدەگەین."

وانگ ڕەخنەی لە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن گرت لەسەر ئەوەی هەر وڵاتێک پشتیوانی لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا بکات ئەوا " پەڵەی چوونە پاڵ ڕووسیای " لەسەر دەبێت، وانگ وتی ئەو وڵاتانەی کە دەستیان وەرداوەتە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکەوە دەبینن کە ناوبانگیان پەڵەدار بووە.

لە ماوەی ڕابردوودا ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ژاپۆن و کەنەدا و ئوستڕاڵیا و یەکێتی ئەوروپا سەپاندنی سزای ئابووری زیاتریان بەسەر ڕووسیادا ئاشکرا کرد، ئەڵمانیاش پڕۆژەی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕووسی ڕاگرت.

کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا چین وەکو وەڵامێک بۆ سزاکانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا، ئامادەیە سوتەمەنی زیاتر لە ڕووسیا بکڕێت، وانگ وتی " سزاکان هەرگیز ڕێگەیەکی کاریگەر نەبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکان بتوانن هەوڵی تەواوی خۆیان بدەن لەڕێی گفتوگۆ و ڕاوێژەوە کێشەکان چارەسەر بکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز