سوپای چین دەڵێت چاودێری کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکی کردووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتۆتە ئاوەکانی دەوروبەری دوورگەکانی پاراسێلەوە لە دەریای باشووری چین و دووری خستۆتەوە.
سوپای چین لە بەیاننامەیەکدا وتی کەشتی جەنگی یو ئێس ئێس میلیوس دزەی کردۆتە ناو ناوچە ئاوییەکانی چینەوە، " ئاسایش و سەقامگیری ڕێڕەوە ئاوییە قەرەباڵغەکەی خستۆتە مەترسییەوە."
وتەبێژی سەرکردایەتی باشووری چین تیان جونلی وتی " هێزەکانی سەرکردایەتییەکە هەموو کات لە ئامادەباشیدا دەبن و سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەکان دەگرنەبەر بۆ پاراستنی سەروەری نیشتیمانی و ئاشتی و ئاسایش و جێگیریی دەریای باشووری چین."
هێزی دەریایی ئەمەریکا بەیاننامەکەی سوپای چینی ڕەت کردەوە و وتی کەشتییەکە لە " ئەرکێکی ئاساییدا " بووە لە دەریای باشووری چین و دوورنەخراوەتەوە.
کەشتیگەلی حەوتی هێزی دەریایی ئەمەریکا وتی " ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە فڕین و گەشتکردن بە هەر شوێنێکدا کە یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێگەی بدات."
گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین لە ناوچەکەدا زیادییان کردووە.
ئەمەریکا هەوڵیداوە هاوپەیمانێتییەکانی لە ناوچەی ئاسیا پاسێفیکدا پتەوتر بکات لە هەوڵێکدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکییەکانی چین لە دەریای باشووری چین و تەنگەی تایواندا، لە کاتێکدا کە چین هەوڵ دەدات بانگەشەکانی بۆ سەروەری خۆی بەسەر ناوچەکاندا بەرەوپێشەوە ببات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز