دوای ناقاییلی چین، سەرکردەکانی وڵاتانی پاسێفیک تایوان لە ڕاگەیەندراوێکدا لادەبەن

کۆڕبەندی دوورگەکانی پاسێفیک ناوی تایوانییان لە ڕاگەیەندراوێکدا لابرد کە ڕۆژی هەینی دوای کۆبوونەوە ساڵانەییەکەی سەرکردەکانی ناوچەکە بڵاوییان کردەوە، ئەمەش دوابەدوای گلەییکردنی نوێنەری چین، حکومەتی تایوانیش ئەو کارەی بە " دەستوەردانێکی ناشرینانە " ناوبرد.

کۆڕبەندی دوورگەکانی پاسێفیک لە 18 وڵات پێکهاتووە و سێ وڵاتییان پەیوەندی دیپلۆماتییان لەگەڵ تایواندا هەیە و 15 وڵاتییان دان دەنێن بە چیندا. چین وڵاتێکی سەرەکییە لە پێدانی ژێرخان بە وڵاتانی دوورگەکانی پاسێفیکدا کە پەکین هەوڵ دەدات بوونی ئاسایشی خۆی تێیاندا زیاتر بکات.

چین تایوان بە خاکی خۆی دەزانێت و دەڵێت مافی ئەوەی نیە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتاندا هەبێت، تایوانی دیموکراتخوازیش ئەو هەڵوێستەی چین ڕەت دەکاتەوە.

ڕۆژی هەینی ڕاگەیەندراوێک لە ماڵپەڕی کۆڕبەندەکەدا بڵاوکرایەوە و لە سەردێری بەشێکیدا نوسرابوو " پەیوەندییەکان لەگەڵ تایوان/کۆماری چیندا " ، لەو بەشەدا نوسراوە " سەرکردەکان جەخت لە بڕیارەکەی ساڵی 1992 ی سەرکردەکان دەکەنەوە لەسەر پەیوەندییەکان لەگەڵ تایوان/کۆماری چیندا."

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕاگەیەندراوەکە لە ماڵپەڕەکە لابرا دوای ئەوەی چین بە توڕەییەوە وەڵامی دایەوە، بەیانی ڕۆژی شەممە نوسراوێکی نوێ بڵاوکرایەوە و تێیدا ئاماژە بە ناوی تایوان نەکراوە.

وەزارەتی دەرەوەی تایوان توڕەیی خۆی لە چین دەربڕی و وتی " تایوان سەرکۆنەی ڕەفتارە ناژیر و دەستوەردانە ناشرین و بێ هۆکارەکەی چین دەکات کە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە و داوا لە وڵاتانی هاوشێوەی خۆی دەکات لە نزیکەوە سەرنجی کارەکانی چین بدەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز