چین بە نیازە بە مەبەستی مەشقکردن هێز بنێرێت بۆ ' ڤۆستۆکی ' ڕووسیا

سەرۆکی چین شی جین پینگ و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

وەزارەتی بەرگری چین دەڵێت هێزەکانی چین بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەشقێکی سەربازی هاوبەشدا لەگەڵ هیندستان و بێلاڕوس و مۆنگۆلیا و تاجیکستان و وڵاتانی دیکەدا گەشت دەکەن بۆ ڕووسیا.

وەزارەتەکە گوتی بەشداریکردنی چین لە مەشقە هاوبەشەکاندا " پەیوەندی بە ڕەوشی ئێستای نێودەوڵەتی و ناوچەکەوە نیە."

مانگی ڕابردوو مۆسکۆ پلانەکانی ئاشکرا کرد بۆ ئەنجامدانی مەشقەکانی " ڤۆستۆک " یاخود " ڕۆژهەڵات "، مەشقەکان لە 30 ی مانگی هەشت دەست پێدەکەن و لە 5 ی مانگی نۆدا کۆتاییان دێت. لەو کاتەدا وتی هەندێک لە هێزە بیانییەکان بەشداری دەکەن، بەڵام ناوی نەهێنان.

وەزارەتی بەرگری چین گوتی بەشداریکردن لە مەشقەکاندا بەشێکە لە ڕێکەوتنی هاریکاریی ساڵانەی نێوان ڕووسیا و چین.

گوتیشی " ئامانج لە مەشقەکان پتەوکردنی هاریکارییە کرداری و دۆستانەییەکانە لەگەڵ سوپای ئەو وڵاتانەدا کە بەشداری دەکەن، پەرەپێدانی ئاستی هاریکاری ستراتیژییە لەنێو لایەنە بەشدارەکاندا، هەروەها پتەوکردنی تواناکانە بۆ وەڵامدانەوەی مەترسییە ئاسایشییە جۆراوجۆرەکان."

لەژێر سەرۆکایەتی سەرۆکی چین شی جین پینگ و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا، مۆسکۆ و پەکین زۆر لەیەک نزیک بوونەتەوە.

ساڵێک لەمەوبەر لە هەمان مانگدا چین و ڕووسیا مەشقێکی سەربازیی هاوبەشییان لە باکوور و ناوەڕاستی چیندا ئەنجامدا و 10,000 سەرباز بەشدارییان تێدا کرد. وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شویگۆ ستایشی مەشقەکانی کرد لە نینگخیای چین و پێشنیاری ئەوەی کرد پەرەی زیاتر بدرێت بە مەشقەکان.

لە مانگی 10 دا ڕووسیا و چین مەشقێکی دەریایی هاوبەشییان لە دەریای ژاپۆندا ئەنجامدا. دوای چەند ڕۆژێک لە مەشقەکە، کەشتییە جەنگییەکانی ڕووسیا و چین یەکەمین ئەرکی ئێشکگریی هاوبەشییان لە ڕۆژئاوای دەریای پاسێفیک ئەنجامدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز