وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی دەڵێت وڵاتەکەی نیگەرانە سەبارەت بە " خراپتربوونی " ڕەوشی ئۆکرانیا، هەروەها دووبارە داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردەوە دان بەخۆیاندا بگرن و لەڕێی گفتوگۆوە ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن.
ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن فەرمانیکرد هێزەکانی ڕووسیا ڕەوانەی دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بکرێن، ئەوەش دوای ئەوەی وەکو دوو هەرێمی سەربەخۆ ناساندنی.
ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە پلانی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیای هەبێت، بەڵام هەڕەشەی ئەنجامدانی " ڕێوشوێنێکی سەربازیی تەکنیکی " نادیاریکراوی کردووە ئەگەر هاتوو داواکارییە ئەمنییەکانی جێبەجێ نەکرێن، لەوانەش گرەنتیەکی یاسایی بدرێتێ کە هەرگیز ڕێگە نەدرێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا وتی وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکندا وتوویەتی داوا یاساییەکانی هەر وڵاتێک دەبێت ڕێزی لێبگیردرێت.
وانگ بە بلینکنی وت " ڕەوشی ئۆکرانیا خراپتر دەبێت، چین دووبارە داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکاتەوە دان بەخۆیاندا بگرن."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا بلینکن جەختی لە پێویستی پاراستنی سەروەری خاکی ئۆکرانیا کردۆتەوە لەنێوەندی " دوژمنکارییەکانی " ڕووسیادا.
لەلایەکی دیکەوە لە ماوەی ڕابردوودا باڵیۆزخانەی چین لە ئۆکرانیا هاوڵاتیانی وڵاتەکەی لە ئۆکرانیا ئاگادار کردەوە و پێی وتن خۆیان بەدوور بگرن لە ناوچە ناجێگیرەکان، بەڵام داواشی لێکردن ئۆکرانیا جێبهێڵن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وانگ وێنبین وتی " باڵیۆزخانەی چین لە ئۆکرانیا ئاگادارییەکی بۆ هاوڵاتیانی چینی و دامەزراوە چینیەکان بڵاوکردۆتەوە و تیایدا داوای لێکردوون وریایی ئاسایشیان زیاتر بکەن."
وانگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت چین لەنزیکەوە چاودێری پەرەسەندنی ڕەوشەکەی ئۆکرانیا دەکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز