چین دەڵێت پێکدادان لەگەڵ ئەمەریکا ' کارەساتێکی بەرگە نەگیراو ' دەبێت

وەزیری بەرگری چین لی شانگفو

وەزیری بەرگری چین لی شانگفو ڕۆژی یەکشەممە وتی ململانێ لەگەڵ ئەمەریکادا " کارەساتێکی بەرگە نەگیراو " دەبێت بەڵام وڵاتەکەی هەوڵی گفتوگۆ دەدات وەک لە ڕووبەڕووبوونەوە.

وەزیری بەرگری چین لی شانگفو لە میانەی وتارەکەیدا بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە کۆنفڕانسی ئاسایشی شانگری لا دیالۆگ لە سینگاپوور وتی جیهان ئەوەندە گەورەیە کە ئەمەریکا و چین بتوانن تیایدا پێکەوە گەورە ببن.

وتی " چین و ئەمەریکا سیستمی جیاوازییان هەیە و لە زۆر ڕووەوە جیاوازن. بەڵام ئەمە نابێت ڕێگری بکات لەوەی دوو وڵاتەکە هەوڵی دۆزینەوەی بنەمای هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش بدەن بۆ پەرەدان بە پەیوەندییە دوو لایەنییەکەی نێوانییان و قوڵکردنەوەی هاریکارییەکان. نکۆڵی لەوە ناکرێت کە ململانێ یاخود ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی نێوان چین و ئەمەریکا کارەساتێکی بەرگە نەگیراو دەبێت بۆ جیهان."

پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین بەهۆی کۆمەڵێک پرسەوە گرژییان تێکەوتووە، لەوانەش پرسی تایوان و دەریای باشووری چین و کۆتوبەندەکانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەسەر هاوردەکردنی چیپە نیمچەگەیەنەرەکان.

ڕۆژی شەممە سوپای چین ڕەخنەی لە تێپەڕبوونی هاوبەشی کەشتییەکانی هێزی دەریایی کەنەدا و ئەمەریکای کرد بە تەنگەی تایواندا.


لی وتی " شێوازی بیرکردنەوەی جەنگی سارد ئێستا دووبارە دەردەکەوێتەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو مەترسییەکانی سەر ئاسایش زیاد دەکات، ڕێزگرتنی هاوبەش دەبێت بەسەر بێزارکردن و هەژمووندا سەربکەوێت."

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2018 دا ئەمەریکا سزای بەسەر لی شانگفودا سەپاند، ئەوەش بەهۆی کڕینی چەکەوە لە ڕووسیا، بەڵام ڕۆژی هەینی لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا لە سینگاپوور لی و وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن تەوقەیان لەگەڵ یەکتردا کرد. بەڵام تاوەکو ئێستا کۆنەبوونەتەوە. ئەمەش سەرەڕای داواکانی ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی سەربازیی لەگەڵ چیندا.

لە ماوەی ڕابردووشدا لە هەمان کۆنفرانسدا وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن دووبارە داوای لە چین کردەوە هێڵی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە بە کراوەیی بهێڵێتەوە و داوای گفتوگۆکردنی لەگەڵ چیندا کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز