فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا و چین دەچنە ناو ناوچەی بەرگری ئاسمانی کۆریاوە

فڕۆکەی تو - 95 ی بۆمبڕێژی ڕووسی و فڕۆکەی ئێچ - 6 ی بۆمبڕێژی چینی بەسەر ئاسمانی دەریای ڕۆژهەڵاتی چینەوە

سوپای کۆریای باشوور دەڵێت فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕەوانە کردووە لە کاتێکدا دوو فڕۆکەی جەنگی چینی و شەش فڕۆکەی جەنگی ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە هاتوونە ناو ناوچەی بەرگری ئاسمانی کۆریاوە.

سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور وتی دوو فڕۆکە جەنگییە چینیەکە کە لە جۆری ئێچ – 6 ی بۆمبڕێژەر بوون چەند جارێک هاتوونەتە ناو ناوچەی بەرگری ئاسمانی کۆریاوە لە باشوور و باکووری کەنارەکانی کۆریا و جێیان هێشتووە.

وتیشی دواتر لە دەریای ژاپۆنەوە لەگەڵ فڕۆکە جەنگییە ڕووسییەکاندا بە فڕۆکەی بۆمبڕێژی تو – 95 و سو – 35 ی شەڕکەرەوە دووبارە هاتوونەتەوە ناو ناوچە بەرگرییە ئاسمانییەکەوە، دوای 18 خولەکە لە ناوچەکەدا ڕۆیشتوون.

ئاماژەشی بەوەدا " سوپاکەمان پێش هاتنی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا و چین بۆ ناو ناوچەی بەرگری ئاسمانی فڕۆکەی شەڕکەی هێزی ئاسمانییان ڕەوانە کردووە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەکتیکی بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ ئەگەری ڕوودانی ڕووداوێکی بەپەلە."

وتیشی فڕۆکەکان ئاسمانی کۆریای باشوورییان پێشێل نەکردووە.

ناوچەی بەرگری ئاسمانی ناوچەیەکە کە وڵاتان تیایدا داوا دەکەن فڕۆکە بیانییەکان کۆمەڵێک هەنگاوی تایبەت بگرنەبەر بۆ ناساندنی خۆیان. بە پێچەوانەی سنووری ئاسمانی وڵاتەکەوە، ئەو ناوچە بەرگرییە ئاسمانییە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی نیە بۆ پاراستنی.

مۆسکۆ دانی نەناوە بە ناوچەی بەرگری ئاسمانی کۆریادا. چینیش دەڵێت ئەو ناوچەیە سنووری ئاسمانی هیچ وڵاتێک نیە و هەموو وڵاتان دەبێت ئازاد بن لە جووڵەکردن تیایدا.

وەزارەتی بەرگری ژاپۆن ڕایگەیاند ژاپۆنیش بە هەمان شێوە فڕۆکەکانی هێزی بەرگری ئاسمانی ڕەوانە کردووە، دوای ئەوەی فڕۆکە بۆمبڕێژەکانی چین بەسەر ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی چیندا فڕیون و هاتوونەتە ناو ئاسمانی دەریای ژاپۆنەوە، لەوێوە لەگەڵ دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیدا یەکییان گرتووە.

چین و ڕووسیا پێشتر ئاماژەیان بەوەداوە کە فڕۆکە جەنگییەکان مەشقێکی ئاساییان ئەنجام داوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز