تیمەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئاماژە به ناجێگری دۆخی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە دەکەن و دەشڵێن ئەو بودجانەی کە بۆیان تەرخانکرابوو بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەرەو تەواو بوون دەچن و کۆگاکانی دەرمانیش لە سنوری بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە، بەرەو خاڵی بوون دەچن لە ڕووی دەرمانەوە و داوای بەدەمەوەهاتنی خێرا لە حکومەت و وەزارەتی تەندروستی دەکەن.
د. شاناز نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ئەو ژمارانەی کە بڵاودەکرێنەوە تەنها ئەوانەن کە پشکنینی ( پی سی ئاڕ) یان ئەنجام داوە، دەنا ڕێژەی تووشبووان زیاترە لەو ژمارانەی بڵاودەکرێنەوە و هەردوو سەنتەری کۆرۆنا لە هەڵەبجە لە پڕبووندان و سەرجەم نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەکانیش دۆخی تەندروستیان ناجێگرە .
وتەبێژی تەندروستی هەڵەبجە وتیشی ئەو بودجانەی بۆمان تەرخانکرابوون بەرەو تەواو بوون دەچن و کۆگاکانی دەرمانیشمان بەرەو خاڵی بوون دەچن، گرفتی مرۆیی لە کەمی پزیشک و کارمەندمان هەیە، کە ناتوانین سەنتەری سێهەم لە هەڵەبجە بکەینەوە و هاوڵاتیانیش وەک پێویست پابەند بە ڤایرۆسەکە نابن و ئەوانەی تووش دەبن خۆیان لە ماڵەوە کەرەنتین ناکەن .
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە تاوەکو ئێستا 120 هاوڵاتی لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرونا لە هەڵەبجە گیانیان لەدەستداوە، لەو ڕێژەیەش 48 کەسیان خەڵکی دەرەوەی پارێزگای هەڵەبجەبوون، 4 هەزار و 619 پشکنین ئەنجام دراون و 2 هەزار و 800 حاڵەتی تووشبوون و 2 هەزار و 600 حاڵەتی چاکبوونەوەش تۆمار کراون.
Your browser doesn’t support HTML5