تێد کروز و بێرنی ساندەرس لە ویسکەنسن سەرکەوتن بەدەسـت دەهێنن

ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە بەرایـیەکەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە ڕۆژی سێشەممە لە ویلایەتی ویسکەنسن بەڕێوەچوو، نیشانی دەدەن لە پـێشبڕکێی کۆماریـیەکاندا سیناتۆر تێد کروز زۆرترین دەنگی بەدەسـتهێناوە و لە دیموکراتەکانیش سیناتۆر بێرنی ساندەرس سەرکەوتنی بەسەر هێلەری کلنتن تۆمارکرد.

تێد کروز 48.2% ی دەنگی کۆماریـیەکانی ئەو ویلایەتەی بەدەسـتهێنا و بەوەش پشـتیوانی 36 نوێنەری بۆخۆی لەوێ مسۆگەرکرد. بەڵام دۆناڵد ترەمپی ملیاردێر 35.1% ی دەنگەکانی لەگەڵدا بوو، بەم ڕێژەیە پشـتیوانی 6 نوێنەری لە ویسکەنسن دەبێت. بەڵام جۆن کەیسک فەرمانڕەوای ویلایەتی ئۆهایۆ هەرچەندە 14.1% ی دەنگەکانی هەبوو، بەم ڕێژەیە پـشتیوانی هیچ نوێنەرێـکی بەدەسـت نەهێنا.

لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، تێد کروز وتارێـکی بۆ لایەنگرانی پـێشکەشکرد و تیایدا گوتی " ئەم سەرکەوتنە خاڵێـکی وەرچەرخانە لە پـێشـبڕکێی کۆماریـیەکاندا." باسی لەوەش کرد هەتا دوو هەفتە لەمەوبەر نیشانەکان لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترمپ بوون.

لە پـێشبڕکێی دیموکراتەکانیش سیناتۆر بێرنی ساندەرس 56.6% ی دەنگەکانی بردەوە و بەو ئەنجامە پـشتیوانی 47 نوێنەری لە ویسکەنسن بەدەسـتهێنا، هێلەری کلنتنی ڕکابەری 43.1% ی دەنگەکانی لەگەڵدا بوو، بەمەش پشـتیوانی 36 نوێنەری بەرکەوت.

بێرنی ساندەرس سەبارەت بەم سەرکەوتنەی گوتی ئەم پـشتیوانیـیەی لە ئێسـتادا لێی دەکرێت وەهای کرد ئەو بۆچوونانە بوچەڵ ببنەوە کە پـێـیان وابوو واز لە پـێشـبڕکێـکە دەهێنێت.

بەپـێی ئەم دوا هەڵبژاردنە ئەنجامە گشـتیـیەکان بەم شێوەیەیە:

کۆماریـیەکان

دۆناڵد ترمپ: 743 نوێنەر

تێد کروز: 517 نوێنەر

جۆن کەیسک: 143 نوێنەر

دیموکراتەکان

هێلەری کلنتن: 1748

بێرنی ساندەرس: 1058