هێرشێکی ئەلیکترۆنی گەورە حکومەتی ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج

هێرشێکی ئەلیکترۆنی گەورە ماڵپەڕەکانی حکومەتی ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج و لەسەری نوسراوە " بترسن و پێشبینی خراپتر بکەن، "، بەهۆیەوە هەندێک لە ماڵپەڕەکان داخراون و ئۆکرانیا ناچار بوو لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا بە ڕۆیتەرزی وت هێشتا زووە بزانرێت کێ لە پشت هێرشەکەوەیە، بەڵام لە ڕابردوودا ڕوسیا لەپشت هێرشی لەمجۆرەوە بووە.

هێرشە ئەلیکترۆنیەکە وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی ئاسایش و بەرگری و کۆمەڵێک دامەزراوەی دیکەی حکومی ئۆکرانیای کردە ئامانج، لەکاتێکیشدایە ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی نیگەرانن سەبارەت بە ئەگەری دوژمنکارییەکی دیکەی ڕوسیا دژی ئۆکرانیا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا وتی " هێشتا زۆر دەرەنجامەکان بزانیت، بەڵام لە ڕابردوودا تۆمارێکی دوورودرێژمان هەیە لەسەر هێرشە ئەلیکترۆنیەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا."

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لێدوانی لەسەر بابەتەکە نەدا، پێشتر ڕوسیا ڕەتی کردۆتەوە دەستی هەبووبێت لە هێرشە ئەلیکترۆنیەکاندا بۆ سەر ئۆکرانیا.

لە نامەیەکدا کە لەسەر ماڵپەڕە هاککراوەکانی حکومەتی ئۆکرانیادا دەبیندرا و بە هەر سێ زمانی ڕوسی و ئۆکرانی و پۆڵەندی نوسراوە دەڵێت " ئۆکرانیەکان ! سەرجەم زانیارییە تایبەتیەکانتان لەسەر تۆڕێکی ئینتەرنێتی گشتی دابەزێندراون. سەرجەم زانیارییەکان لەسەر کۆمپیوتەرەکان لەناوبراون، مەحاڵە دووبارە بتوانیت بیانگەڕێنیتەوە."

دەشڵێت " سەرجەم زانیارییەکانی تۆ ئێستا دەبیندرێن، بترسە و پێشبینی خراپتر بکە. ئەمە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشتە."

دوابەدوای گفتوگۆکانی ئاسایش لەنێوان ئەمەریکا و ڕوسیا و هاوپەیمانێتی ناتۆ و ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاری ئەوروپادا، ڕۆژی پێنجشەممە ئەمەریکا هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئاستی هەڕەشەی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە بەرزە.

ڕوسیا وتی گفتوگۆکان بەردەوام بوون بەڵام گەیشتوونەتە کۆتاییەکی داخراو، ئەمەش لەکاتێکدا هەوڵیدەدا ڕۆژئاوا و ناتۆ ڕازی بکات ڕێگە نەدەن ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکەدا و هاوپەیمانێتیەکە چیتر بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا فراوان نەبێت. ئەمەریکاش ئەو داوایانەی ڕەت کردۆتەوە.

لەسەر هێرشە ئەلیکترۆنیەکە، بەرپرسێکی باڵای ئاسایشی ئۆکرانیا بە ڕۆیتەرزی وت " سەرجەم لایەنەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئاگاداری ئەگەری ڕوودانی ئەم جۆرە هێرشانە بوون لەلایەن ڕوسیاوە، بۆیە وەکو هەمیشە وەڵامی ئەم جۆرە هێرشانە دراوەتەوە."

دواتر حکومەتی ئۆکرانیا وتی زۆرینەی ئەو ماڵپەڕانەی گەڕاندۆتەوە کە هاککرابوون و هیچ زانیارییەکی تایبەتیش نەدزراوە. ژمارەیەکی دیکەی ماڵپەڕەکانی حکومەت داخراون تاوەکو ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی هێرشەکە بگرن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز