دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە سەرکۆنەی قوبرسی کرد لەسەر گەڕاندنەوەی دوو پەنابەری سوریایی بۆ لوبنان کە بە بەلەمێکی بچووک گەیشتبوونە قوبرس، ڕەوانەکردنەوەی دوو سوریاییەکە بەبێ شیکاریکردنی داواکەیان بووە بۆ مافی پەنابەرێتی.
دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە بڕیارێکدا سەرکۆنەی گەڕاندنەوەی دوو پەنابەرە سوریاییەکەی کرد بۆ لوبنان و وتی قوبرس چوار پێشێلکاری لە پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپادا ئەنجام داوە کە دادگاکە پەیڕەوییان دەکات و داوای جێبەجێکردنییان دەکات.
دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا وتی لە ساڵی 2016 دا دوو سوریاییەکە لە شاری ئیدلیبی سوریا هەڵاتوون و لە کامپەکانی پەنابەراندا لە لوبنان ماونەتەوە. لە ساڵی 2020 دا پارەیان داوە بە قاچاخچییەک تاوەکو بە دەریای ناوەنددا بیانپەڕێنێتەوە و بیانگەیەنێتە قوبرس، لەگەڵ زیاتر لە بیست کۆچبەری دیکەدا.
بەلەمەکە لەلایەن بەرپرسانی هاتوچۆی دەریایی قوبرسەوە گیراوە و وتوویانە کە بەلەمەکە بەبێ مۆڵەت هاتووەتە ناو ئاوەکانی قوبرسەوە و دەستبەجێ ڕەوانەی لوبنانی کردوونەتەوە و تاوەکو ئێستاش هەر لە لوبنانن.
بڕیارەکەی دادگاکە وتی بەرپرسانی قوبرس دوو سوریاییەکەیان ڕەوانەی لوبنان کردووەتەوە " بەبێ ئەوەی هەڵسەنگاندن بکەن بۆ داواکانییان بۆ مافی پەنابەرێتی بکەن و بەبێ ئەوەی ئەو هەنگاوانە بگرنەبەر کە بەپێی یاسای پەنابەران پێویستن بگیردرێنەبەر."
وتی قوبرس " هیچ هەڵسەنگاندنێکی نەکردووە بۆ مەترسی نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە پڕۆسەیەکی پەنابەرێتی کاریگەر لە لوبنان یاخود هەلومەرج و گوزەرانی پەنابەران لەو وڵاتەدا."
وتیشی قوبرس هەڵسەنگاندنیشی نەکردووە بۆ مەترسییەکانی " سەرکوتکردن "، کە گەڕاندنەوەی پەنابەرانە بۆ وڵاتێکی وەکو سوریا کە لەوێ دەکرێت ڕووبەڕووی سزا ببنەوە.
دوو سوریاییەکە سکاڵایان دژی قوبرس تۆمار کردووە و وتوویانە هەڵخەڵەتێنراون و پێیان وتراوە کە هیچ کێشەیەکییان نابێت هەر کە گەیشتنە قوبرس، بەڵام دواتر لەوێ ناچار کراون بچنە سەر بەلەمێکی دیکە و گەڕێندراونەتەوە بۆ لوبنان.
دادگاکە فەرمانی بە قوبرس کردووە 22,000 یۆرۆ بدات بۆ قەرەبووکردنەوەی دوو پەنابەرەکە و هەروەها دەبێت 4,700 یۆرۆی دیکە بدات بۆ قەرەبووکردنەوەی خەرجییەکانییان.
دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بەشێکە لە ئەنجومەنە 46 ئەندامییەکەی ئەوروپا و گەورەترین دادگای مافەکانی کیشوەرەکەیە و بە تەواوەتی جیاوازە لە یەکێتی ئەوروپا.
سەرچاوە/ فرانس پرێس