کۆماری چیک تانک و ئوتومبێلی سەربازیی ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات

تانکی تی 72

سەرچاوەیەکی بەرگری کۆماری چیک بە ڕۆیتەرزی وت کۆماری چیک تانکی تی 72 و ئوتومبێلی شەڕکەری سەربازیی بی ڤی پی – 1 ی ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە.

سەرەتا کەناڵی گشتی چیک گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا شەمەندەفەرێک پێنج تانک و پێنج ئوتومبێلی سەربازیی هەڵگرتووە، وتی بارەکە دیاری هاوپەیمانێتی ناتۆ بووە.

سەرچاوەکەی بەرگری کۆماری چیک ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە تانک و ئوتومبێلە سەربازییەکان ڕەوانە کراون، بەڵام ڕەتی کردەوە هیچ وردەکارییەکی دیکە بدات.

وەزیری بەرگری چیک جانا سێرنۆچۆڤا بە پەرلەمانی وڵاتەکەی وت یارمەتیەکانی چیک بۆ ئۆکرانیا نە ڕەت دەکاتەوە و نە پشتڕاستیشی دەکاتەوە.

وتی " دڵنیاتان دەکەمەوە کۆماری چیک چەندێک لە توانایدا بێت یارمەتی ئۆکرانیا دەدات و بەردەوامیش دەبێت لە یارمەتیدانی ئۆکرانیا لەڕێی ڕەوانەکردنی کەلوپەلی سەربازیی سووک و قورسیشەوە."

وتەبێژێکی وەزارەتی بەرگری چیک وتی لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە لە ئۆکرانیا وڵاتەکە بڕی 45 ملیۆن دۆلار یارمەتی سەربازیی ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە، ئەویش بە هەمان شێوە ڕەتی کردەوە وردەکاری زیاتر بدات.

یارمەتیە سەربازییەکانی چیک نوێترین نموونەن لەسەر ڕەوانەکردنی کەلوپەلی سەربازیی لە ڕۆژئاواوە بۆ ئۆکرانیا. لە 1 ی مانگی چواردا ئەڵمانیا ڕەوانەکردنی کۆمەڵێک ئوتومبێلی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد، ئەوەش لەنێوەندی ڕەخنەکاندا لەسەر ئەوەی بەرلین یارمەتیی سەربازیی تەواوی ئۆکرانیای نەداوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز