تاوانبارێکی گەورە لە پاش دەیان ساڵ لە ئەمەریکا ئاشکرادەبێت

تاوانبارێکی گەورەی مەترسیدار لە ئەمەریکا کە بۆ دەیان ساڵە پـۆلیس و دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI هەوڵی بێ وچانیان دەدا بۆ دۆزینەوە، وا ئێستا بەهۆی زانستی DNAدۆزرایەوە و دەستگیرکرا.

جۆزێف جەیمس دیئەنجلۆی تەمەن 72 ساڵ کە لە ڕابردوو پـۆلیس و سەرباز بووە، ڕۆژی سێشەممە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری سەکرەمێنتۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دەستگیرکرا بە گومانی ئەوەی لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا دەیان تاوانی ئەنجامدابوو، لەوانە 12 حاڵەتی کوشتن و زیاتر لە 50 حاڵەتی دەسـتدرێژی سێکسی بۆ سەر کچ و ژن و هەروەها دەیان حاڵەتی دزی. ناوبراو ئەمڕۆ هەینی دەبرێتە بەردەم دادگایەکی کالیفۆرنیا.

ستیڤ گریپـپی داواکاری گشتی سەکرەمێنتۆ دەڵێت جۆزێف دەسـتگیرکرا پاش ئەوەی لە یەکێک لە ماڵپەڕەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی زانیاریـیەکانی DNA ی خەڵکی، خزمێکی نزیکی دۆزرایەوە.

کۆمپانیا سەرەکیـیەکانی وەکو Ancestry و 23&me و MyHeritage ی کە ئەم تاقیکردنەوەیە ئەنجام دەدەن ڕەتیانکردەوە ئاگاداری کەیسەکە بن، دەڵێن لای خۆیانەوە هیچ زانیاریـیەکیان بە پـۆلیس نەداوە.

ئەم کۆمپانیایانە لە بەرامبەر بڕێک پارە تاقیکردنەوەی DNA بۆ خەڵکی ئەنجام دەدەن بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕەچەڵەک و خزمانیان و هەروەها بۆ زانینی نەخۆشیـیە بۆ ماوەیـيەکانیان.

بەڵام ماڵپەڕ هەن کە خەڵکی دەتوانن لە سەرانسەری جیهان ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خۆیانیان بە فایلێک بۆیان بگوێزنەوە تاوەکو لەسەر ئاستێکی فراونتر خزمەکانیان بۆ ئاشکرابکەن، لەوانە ماڵپەڕی GEDmatch .

بۆیە پـێدەچێت پـۆلیس ئەنجامی تاقیکردنەوەی DNA ی پاشماوەکانی ئەم تاوانبارەی بۆ یەکێک لەو ماڵپەڕانە گواستبێتەوە، وە لەم دوایـیانە خزمێکی نزیکی ئەنجامی تاقیکردنەوەی خۆی بۆ هەمان ماڵپەڕ گواستبێتەوە و پـۆلیسیش لە ڕێگەیەوە توانیویەتی بیدۆزێتەوە.

جین ساندلەر کە یەکێکە لە قوربانیانی دەسـتدرێژی سێکسی ئەم تاوانبارە بە میدیاکانی گوتووە پـۆلیس لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە ئاگاداریان کردووەتەوە کە دواجار توانیویانە گومانبارەکە دەستگیربکەن. گوتیشی لە خۆشیاندا خۆی بۆ نەگیراوە و دەستیکردووە بە گریان.

جۆزێف جەیمس دیئەنجلۆ کە لە پاش نزیکەی 40 ساڵ لە تاوانەکانی دەسـتگیرکرا، پـێشتر سەرباز بووە و بەشداری شەڕی ڤیتنامیشی کردبوو و لەو ماوەیە پارچەیەکی پەنجەیەکی لەدەستداوە. پاشان بووە بە پـۆلیس و لە ساڵی 1979 دەرکراوە بەهۆی گرتنی بە دزیـیەکەوە لە فرۆشگایەکدا.

لە ساڵی 2016 دەزگای FBIبڕیاری دا 50 هەزار دۆلار وەک خەڵات بدات بە هەرکەسێک زانیاری بدات لە بارەی ئەم تاوانبارەوە.

جێی ئاماژەیە زانستی تاقیکردنەوەی DNA لە ئێستادا هێندە پـێشکەوتووە کە دەتوانرێت لە ڕێگەیەوە وێنای ڕوخساری کەسەکە بکرێت لە تەمەنی جیاوازدا.