سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا و دانیمارک لە ماوەی سەردانەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا ڕایانگەیاند وڵاتەکانییان پابەندن بە پێدانی فڕۆکەی شەڕکەری F-16 ەوە بە ئۆکرانیا و یەکەم گەیاندنیش لە دەوروبەری سەری ساڵی نوێدا دەبێت.
بەڵێنەکە یەکەمین بەڵێنی ڕاستەقینەیە لەسەر پێدانی F-16 بە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، هەروەها چەند ڕۆژێکی کەم دێت دوای ئەوەی ئەمەریکا ڕەوانەکردنی ئەو جۆرە فڕۆکەیەی لە هۆڵەندا و دانیمارکەوە بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد.
زێلێنسکی وتی بڕیارەکە " ڕێککەوتنێکی گرنگە " و فڕۆکەکان یارمەتیدەر دەبن لە پتەوکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیادا و یارمەتیدەریش دەبن لە هێرشە پێچەوانەکەی ئۆکرانیادا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا.
سەرۆک وەزیری دانیمارک مێتێ فرێدریکسن وتی دانیمارک 19 فڕۆکەی شەڕکەری F-16 دەدات بە ئۆکرانیا، شەش فڕۆکەیان سەرەتا لە دەوروبەری سەری ساڵی نوێدا دەگەیەندرێنە ئۆکرانیا، لە ساڵی 2024 دا هەشت فڕۆکەی دیکە دەگەیەندرێت و لە ساڵی 2025 دا پێنج فڕۆکەی دیکە دەدرێت بە ئۆکرانیا.
فرێدریکسن لە ماوەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ زێلێنسکی لە بنکەی ئاسمانی سکرایدستروپ لە دانیمارک وتی " دەزانین ئازادی ئێوە ئازادی ئێمەیە. دەشزانین کە پێویستتان بە چەکی زیاترە."
وتیشی " لەبەرئەوەیە کە ئێمە ڕایدەگەیەنین 19 فڕۆکەی شەڕکەری F-16 دەبەخشین."
سەرۆک وەزیری هۆڵەندا مارک ڕوتێ لە ماوەی ڕابردوودا کاتێک زێلێنسکی لە هۆڵەندا بوو وتی هۆڵەندا 42 فڕۆکەی F-16 ی لە بەردەستدایە بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری نەداوە کە ئایا هەموو فڕۆکەکان ببەخشێت بە ئۆکرانیا یاخود نا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز