دکتۆر کرمانج ده‌ڵێت پێشوه‌چوونی ئابووری فاکته‌ری کاریگه‌ربوو له‌ سه‌رکه‌وتنی AKP له‌تورکیا

دکتۆر کرمانج ده‌ڵێت پێشوه‌چوونی ئابووری فاکته‌ری کاریگه‌ربوو له‌ سه‌رکه‌وتنی AKP له‌تورکیا

ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ پارتی دادوگه‌شه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتداری تورکیا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانیدا سه‌رکه‌وتنێکی مه‌زنی وه‌ده‌ست هێنا. به‌ڵام کورتی هێنا له‌ مسۆگه‌رکردنی دوو له‌سه‌ر سێی کورسییه‌کانی په‌رله‌مان که‌ ئامانجی بوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت گۆرانکاری له‌ ده‌ستوری تورکیادا بکات بۆ جێگرتنه‌وه‌ی ده‌ستوری ئێستای تورکیا که‌ ساڵی 1982 له‌لایه‌ن فه‌رمانڕوایانی له‌شکری ئه‌وسای تورکیاوه‌ نووسراوه‌ته‌وه‌.

دکتۆر کرمانج گوندی پڕۆفیسۆر له‌ زانکۆی ته‌نسی ئیستێت له‌ وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا گوتی ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ی ئه‌مجاره‌ی پارتی دادوگه‌شه‌پێدان له‌ ئاکامی ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ بووه‌ که ‌له‌ ماوه‌ی دوو تێرمی ڕابردووی خۆی به‌ده‌ستی هێناوه‌، چونکه‌ به‌ ڕاستی حکومه‌تی ئۆردوغان فه‌رهه‌نگی سیاسی تورکیای گۆڕی به‌ جۆرێک که‌ به‌ خه‌ڵکی تورکیای نیشاندا هیچ پێویست ناکات ته‌مه‌لوق له‌به‌ر ئه‌وروپا بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئابووری تورکیا به‌رزبکه‌نه‌وه‌. گوتیشی تورکیا ئێستا یه‌کێکه‌ له‌ گروپی 20 وڵاتی که‌ به‌هێزترین ئابووری جیهانیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ ئاکامی سیاسه‌تی حه‌کیمانه‌ی ئه‌و حکومه‌ته‌ی ئۆردوغان بووه‌ که‌ توانی سیاسه‌تی ئابووری تورکیا وابه‌هێز بکات ببێته‌ یه‌کێک له‌وڵاته‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کانی ئابووری له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا.

دکتۆر کرمانج ئه‌وه‌شی گوت کاندیده‌کانی سه‌ر به‌ کورده‌کان ئه‌وانه‌ی له‌ زیندانن و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا سه‌رکه‌وتنیان هێناوه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانه‌ حوکمی میلله‌تیان له‌پشته‌ به‌وه‌ی که‌ له زیندان دان و جارێکی دیکه‌ میلله‌ت ئه‌وانی کردۆته‌وه‌ نوێنه‌ری خۆیان . به‌حوکمی قانوونیش ئه‌وانه‌ ده‌بێت ئازادبکرێن و ده‌بێت جارێکی دیکه‌ ئیعتیباری په‌رله‌مانته‌رییان بۆ بگێردرێته‌وه‌ و وه‌ک نوێنه‌رانی ناوچه‌کانی خۆیان بنێردرێنه‌وه‌ په‌رله‌مان، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ پێشێلی ده‌ستوری تورکیایه‌.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی گفتوگۆكه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 8:28 خوله‌كه‌.