د. مه‌حموود: سازدانی لووتکه‌یی کۆمکاری عه‌ره‌بی به‌لای منه‌وه‌ گرنگ نییه‌ چونکه‌ شتی گرنگتر له‌وه‌ له‌پێشدایه

ماوه‌یه‌که‌ حکومه‌تی عێراق به‌تایبه‌تیش خودی نوری مالیکی سه‌رۆک وه‌زیری عێراق بایه‌خێکی یه‌کجار زۆر ده‌دات به‌ سازدانی کۆبوونه‌وه‌ی لووتکه‌یی کۆمکاری عه‌ره‌بی له‌ عێراقدا.

دکتۆر مه‌حموود عوسمان سیاسه‌تکاری کورد و ئه‌ندامی سه‌ربه‌خۆ له‌ په‌ڕله‌مانی عێراق سه‌ر به‌ لیستی هاوپه‌یمانێتی کوردستانی له‌ وتووێژێکدا له‌ گه‌ڵ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت ئاشکرایه‌ که‌ مالیکی و حکومه‌تی عێراقی گرنگی زۆر به‌و کۆبوونه‌وه‌ی لووتکه‌یی کۆمکاری عه‌ره‌بی له‌ عێراقدا ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ریبخات که‌ ده‌توانێت سه‌رکردایه‌تی لایه‌نی عه‌ره‌بی بکات بۆ ماوه‌ی ساڵێک و مالیکی سازدانی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ لووتکه‌ییه‌ به‌کار ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌رکه‌وتنێک بۆ خۆی حیسابی بکات.

دکتۆر مه‌حموود ده‌شڵێت سه‌رۆک وه‌زیر مالیکی ده‌یه‌وێت به‌سازدانی لووتکه‌یی کۆمکاری عه‌ره‌بی له‌ عێراقدا په‌یامێک ڕابگه‌ینێت و بڵێت که‌ ئێمه‌ ده‌توانین کۆبوونه‌وه‌ی وا ساز بده‌ین چونکه‌ ڕه‌وشی ئاسایشی سه‌قامگیره‌ و وانییه‌ وه‌ک له‌ ده‌ره‌وه‌ تێده‌ڕوانن.

ده‌توانن له‌ ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نگیه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی گفت و گۆکه‌ بن که‌ ماوه‌که‌ی 8:36 خوله‌که