سەرۆک وەزیری هۆڵەندا داوای لێبووردن دەکات لەسەر ئەو ڕۆڵەی وڵاتەکەی لە کۆیلایەتیدا بینیویەتی

سەرۆک وەزیری هۆڵەندا مارک ڕوتێ

سەرۆک وەزیری هۆڵەندا مارک ڕوتێ لە جیاتی وڵاتی هۆڵەندا داوای لێبووردنی کرد لەسەر ئەو ڕۆڵە مێژووییەی وڵاتەکەی هەیبووە لە کۆیلایەتیدا، هەروەها لەسەر دەرەنجامەکانی ئەو کارە کە دانی بەوەدانا تاوەکو ئەمڕۆ ماونەتەوە.

ڕوتێ لە وتارێکدا لە ئەرشیفی نیشتیمانی هۆڵەندادا ڕایگەیاند " ئەمڕۆ داوای لێبووردن دەکەم."

وتی " بۆ ماوەی چەند سەدەیەک وڵاتی هۆڵەندا و نوێنەرەکانی هانی کۆیلایەتییان داوە و چالاکییان کردووە و قازانجییان کردووە تیایدا."

وتیشی " ئەوە ڕاستە کە ئەمڕۆ هیچ کەسێک لە ژیاندا نەماوە کە بەرپرسیارێتی تاوانی کۆیلایەتی بخاتە سەر شانی.. بەڵام وڵاتی هۆڵەندا بەرپرسیارێتی ئەو ئازارە زۆرە هەڵدەگرێت کە بەسەر ئەوانەدا هاتووە کە کراونەتە کۆیلە لەگەڵ نەوەکانیشیاندا."

داوای لێبووردنەکە لە کاتێکدایە کە هۆڵەندا بەشێوەیەکی بەرفراوان پێداچوونەوە بە ڕابردووی کۆلۆنیالیزمی وڵاتەکەدا دەکاتەوە، بەو هەوڵانەشەوە کە دەدرێن بۆ گەڕاندنەوەی هونەرە دزراوەکان و کۆششی ئێستای وڵاتەکە دژی ڕەگەزپەرستی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز