هۆڵەندا کۆتوبەندەکانی سەر گەیاندنی چەک بۆ تورکیا، سعودیە و ئیمارات لادەبات

حکومەتی کاربەڕێکەری هۆڵەندا کۆتوبەندەکانی فرۆشتن و گەیاندنی چەکی بۆ تورکیا، عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب ئیمارات) لابرد، ئەمەش وەکو هەنگاوێک بۆ پەیوەندیکردن بە پەیماننامەی چەکی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئیسپانیاوە.

ئەو کۆتوبەندانەی کە ئێستا لابراون دوای ئەوە دێت هۆڵەندا پەیڕەوی سیاسەتی " گریمانەکردنی ڕەتکردنەوەی " دەکرد کە بەپێی سیاسەتەکە مۆڵەتی هەناردەکردنی چەک بۆ ئەو سێ وڵاتە ڕەت دەکرایەوە هەتاوەکو ئەو کاتەی بە تەواوەتی بسەلمێندرایە کە ئەو چەکانە لە ململانێکانی ناو باکووری سوریا یاخود یەمەندا بەکارناهێندرێن.

لە نامەیەکدا کە هەفتەی ڕابردوو ئاڕاستەی پەرلەمانی کردووە، حکومەتی هۆڵەندا وتوویەتی پێویستە ئەو سیاسەتە لاببەن، لەبەرئەوەی وڵاتەکە دەیەوێت پەیوەندی بە پەیماننامەی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئیسپانیاوە بکات کە هەناردەکردنی چەک ڕێکدەخات و هاوکات پێوەرەکانی هەناردەکردنی چەک لە یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان پەیڕەو دەکات.

حکومەت لە نامەکەدا ئاماژەی بەوەش داوە هیچ کام لە وڵاتانی پەیماننامەکە سیاسەتی " گریمانەی ڕەتکردنەوە " پەیڕەو ناکەن، چونکە هاوبەشەکانی ناو پەیماننامەکە متمانەیان بە هەڵسەنگاندنەکانی کۆنتڕۆڵکردنی هەناردەکردنی یەکتر هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز