ڕۆژی یەکشەممە میسڕ لە شاری شەرم ئەل شێخ میوانداری گفتوگۆکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان دەکات لە هەوڵێکدا کە ئەمەریکا و ئوردن پشتیوانییان لێکردووە بۆ هێمن کردنەوەی زیادبوونی توندوتیژییەکان لە کەناری ڕۆژئاوادا پێش مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی موسوڵمانان.
کۆبوونەوە پێنج لایەنییەکە دوابەدوای کۆبوونەوەکەی 26 ی مانگی دوو دێت کە لە ئوردن بەڕێوەچوو، لەو کۆبوونەوەیەدا ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان بەڵێنیاندا گرژییەکان کەم بکەنەوە، بەڵام شکستیان هێنا لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەیاندا.
وەزارەتی دەرەوەی میسڕ لە بەیاننامەیەکدا وتی کۆبوونەوەکە لە شەرم ئەل شێخ " ئامانج لێی پشتوانیکردنە لە گفتوگۆی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسڕائیلییەکان، لە پێناو کارکردن بۆ ڕاگرتنی کارە تاکلایەنەکان و زیادبوونی گرژییەکاندا، هەروەها بۆ خستنەوەی ئارامی و شکاندنی ئەو بازنەی توندوتیژییەی کە هەیە."
وتیشی " ئەمە ڕەنگە کارئاسانی بکات بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی."
گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان لە ساڵی 2014 ەوە ڕاگیراون، فەڵەستینییەکان دەڵێن فراوانبوونی نیشتەجێیەکانی ئیسڕائیل دەرفەتەکانی دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینی لە ناوبردووە.
لە ساڵانی ڕابردوودا لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا لە دەوروبەری مزگەوتی ئەل ئەقسا لە ئۆرشەلیم پێکدادان لە نێوان پۆلیسی ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکاندا ڕوویداوە، ئەم ساڵیش مانگی ڕەمەزان هاوکاتە لەگەڵ جەژنی ئیستەری مەسیحییەکان و پاسۆڤەری جووەکاندا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز