لەشکری میسر پارچەی فڕۆکەکە لە دەریای ناوەڕاست دەدۆزێتەوە

لەشکری میسر ڕایگەیاند پارچەی فڕۆکەکەی هێڵی ئاسمانی وڵاتەکەیان لەگەڵ چەند کەلوپەلێـکی سەرنشینەکانیان لە دەریای ناوەڕاست دۆزیوەتەوە لە دوری 290 کیلۆمەتر لە باکوری شاری ئسکەندەریـیە.

ئەمڕۆ هەینی لەشکری میسر لەسەر فەیسبوکی خۆی لە بەیانـنامەیەکدا گوتی " لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی لە شەوی پـێنجشەممەوە دەدرێن لە لایەن تیمەکانی گەڕان و بە هاناچوونی هێزە چەکدارەکانەوە، بەیانی ئەمڕۆ هەینی فڕۆکەکانی میسر و بەلەم و کەشتیـیەکانی هێزی دەریایی میسر توانیان چەند کەلوپەلێـکی سەرنشینەکان و چەند پارچەیەکی فڕۆکەکە بدۆزنەوە."

پاشان بەیانـنامەکە گوتی کەلوپەل و پارچەکان لە ناوچەیەک دۆزراونەتەوە کە 290 کیلۆمەتر لە باکوری شاری ئسکەندەریـیەوە دورە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کارەکانی گەڕان و هەڵگرتنەوەی شتەکان بەردەوامن.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی فڕۆکەوانی سیڤیلی میسر بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت لە چەند کاژمێری داهاتوو تیمێـک لە شارەزایان بە سەرۆکایەتی فڕۆکەوان ئەیمەن ئەلموقەدەم دەچن بۆ سەیرکردنی پارچە و کەلوپەلەکان و هەروەها کاردەکەن بۆ هەڵگرتنەوەی هەردوو سندوقی ڕەشی فڕۆکەکە.

کاربەدەسـتانی میسر بە دوری نازانن کارێـکی تێرۆرستی هۆکاری کەوتنی فڕۆکەکە بێت.

هاوکات کاربەدەسـتانی ئەمەریکایی بە ڕۆیتەرزیان گوتووە بەپـێی وێنەکانی لە سەتەلایتەکانەوە گیراون هیچ شتێـک لە ناوچەی کەوتنی فڕۆکەکە نەبینراوە کە گومانی ڕوودانی تەقینەوەی لێ بکرێت.

لە لایەکی عەبدول فەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانەکان کرد کە بریتین 66 کەس، لەوانە 30 یان میسرین و 15 یان فەڕنسین.