ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری ململانێکانی ناو سوریا دەکات ڕایگەیاند بەهۆی بۆردومانەکانی گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێرانەوە کە پشتیوانی لە حکومەتەکەی سوریا دەکەن 11 هاووڵاتی سڤیل لە گوندێکی ڕۆژهەڵاتی سوریا کوژراون، ناوچەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکاندایە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی شەش منداڵ لە نێو ئەو کەسانەدا بوون کە لە بۆردومانکردنی دەهلەی پارێزگای دەیرەزوور کوژراون.
ڕۆژی چوارشەممە شەڕ و پێکدادانەکان دەستییان پێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران هێرشییان کردە سەر ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکاندان.
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە ڕابەرایەتی کوردەکان باسی لەوە کرد 11 کەس کوژراون، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون کە لە دەهلە کوژراون.
هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەمەریکا پشتیوانییان لێدەکات لە ساڵی 2019 دا ڕابەرایەتی هێرشەکانیان دەکرد بۆ شکستنهێنان بە خەلافەتی ڕێکخراوی داعش لە سوریادا.
ناوچەی دەیرەزووری زۆرینە عەرەب ناوچەیەکە دەوڵەمەندە بە سەرچاوە کانزاییەکان و سنووری بە عێراقەوەیە، دەیان خێڵ و هۆزی تێدایە و هەندێک لەوانەش پەیوەندییان بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کردووە لە شەڕەکەدا دژی داعش.
لە ماوەی جەنگەکەی ناو سوریادا ئێران پشتیوانی سەربازیی بۆ سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دابین کردووە.
ئەمەریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سوریادا هەیە، ئەوەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعشدا.
جەنگەکەی ناو سوریا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 500,000 کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی دیکە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس